ئەمڕۆ شاندێكی نەتەوەیەكگرتووەكان دەگاتە سەرگەڕان.. لێكۆڵینەوە لە بەعەرەبكردنی ناوچەك دەكات
__2017_12_31_h12m41s9__RM.jpg)
سەرگەڕان-KDP.info- دوێنێ شاندێكی پەرلەمانتارانی ژمارەیەك فڕاكسیۆنی كوردی لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی شارەدێی سەرگەڕانی شارۆچكەی دوبزی كرد بۆ مەبەستی راگرتنی بەعەرەبكردن لە ناوچە كوردستانییەكانی سنوورەكە، بەڵام وەك بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان ئاماژەی بۆ كرد، دوای گەڕانەوەی شاندەكەی پەرلەمانتاران، عەرەبی شۆڤێنی ھێرشیان كردووەتە سەر گوندنشینانی كورد و، شاندەكەیش ھیچ چارەسەرێكی پێ نەبووە.
ئەو پەرلەمانتارانە، لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندووە، لە نزیكەوە بەعەرەبكردنی گوندانی كوردیان بینیوە لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان و وەزیری ناوخۆی لێ ئاگادار كراوەتەوە و ئەویش بەڵێنی لێكۆڵینەوەی داوە لە رووداوەكە، كە چیتر رێگە بە پۆلیسی فیدڕاڵی نادرێت ھانی عەرەب بدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنی ھاووڵاتیانی كورد نیشتەجێ بكرێن. ئەو پەرلەمانتارانە ئەوەیشیان ئاشكرا كردووە كە، عەرەبەكانی سەردەمی بەعس دەیانەوێ بەزۆر زەوی لە جووتیارانی كورد وەربگرنەوە و ھەڕەشەی دەركردنی ھاووڵاتیانی كوردی رەسەنی ناوچەكە دەكرێت.
(لوقمان ئەحمەد)، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "شاندی پەرلەمانتاران ئەوانەی دوێنێ شەممە سەردانی شارەدێی سەرگەڕانیان كردبوو، ھیچ چارەسەرێكیان بۆ رەوشەكە نەكردووە و بگرە رەوشەكەیان ھێشتا زیاتر ئاڵۆز كردووە، چونكە دوای گەڕانەوەیان عەرەبە شۆڤێنییەكان ھێرشیان كردووەتە سەر ھاووڵاتیانی كورد و كێشە رووی داوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان دهشڵێ، "لە شارەدێی سەرگەڕان زۆڵمێكی گەورە لە كورد دەكرێت و دەیانەوێ بەزۆر لەسەر زەوی و گوندەكانیان دەربكرێن و عەرەبی سەردەمی بەعس كە بە مەستی بەعەرەبكردن ھاوردەی ناوچە كوردستانییەكان كرابوون، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دیسان كورد ئاوارە ببێتەوە".
(ئەحمەد) گوتیشی، "ئێمە درێخیمان نەكردووە لەوەی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لە ھەردوو حكوومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان ئاگادار كردووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی نەتەوەیەكگرتووەكان سەردانی شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچكەی دوبز بكات و، لەو چوارچێوەیەیشدا سەردانی گونده كوردیهكان دەكرێت تا لە نزیكەوە ئاگاداری رووداوەكەبن".
ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەكی زۆری عەرەب لە پارێزگای سەڵاحەددینەوە ھاوردەی شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچكەی دوبزی كەركووك كراون و بە ھاوكاریی پۆلیسی فیدڕاڵی و دەزگای ھەواڵگریی عێراقی، ھەڕەشەی دەركردن لە ھاووڵاتیانی ناوچەكە دەكرێت.
قائید میرۆ




