٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشێکی یەکێتییەکان ئاگاداری شاندەکەی یەکێتی لە بەغدا نین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارەکەی ئەو حزبە وەک خۆیان دەڵێن، "ئاگادار نین". ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە و ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبەش لێی بێئاگایە.

ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUKMEDIA) بە رێکەوتی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بڵاوی کردووەتەوە، کە شاندێکی ئەو حزبە ئێستا لە بەغدایە و مەبەست لێی "گفتوگۆکردنە لەگەل بەرپرسان و لایەنەکانی بەغدا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەر دوولا و پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان."
وەک ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە، (رزگار عەلی) و (خالید شوانی) لە سەرۆکایەتیی شاندەکەدان و پەرلەمانتارانی یەکێتیی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، هاوڕێیەتی ئەو شاندە دەکەن.

(محەممەد عوسمان) پەرلەمانتاری یەکێتیی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات ئەویش تەنیا لە رێگەی "میدیاکان"ەوە ئەو هەواڵەی بیستووە. ئەو دوێنێ (چوارشەممە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت، "سەردانەکە (ئاڵا خان) رێکیخستووە و بۆ زانیاریی زیاتر قسە لەگەڵ خۆی بکەن."
هاوکات (لەتیف نێروەیی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، بێئاگایی خۆی لە شاندەکە و هەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی خۆی راگەیاند.
ئەو بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئێمە وەکو یەکێتی ئاگاداری ئەو شاندە نین. رێککەوتنێک هەیە کە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، لەگەڵ حزب و لایەنە عێراقییەکان کۆ ببنەوە."

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوە رەت دەکەنەوە کە شاندی حزبی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆ ببێتەوە و باس لە کێشەکانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر بکەن.

(نەدا مێرگەسووری) بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بێئاگایی خۆی و فراکسیۆنەکەی لە سەردانی "شاندەکەی یەکێتی" دەربڕی.
ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئێمە ئاگادار نین و نابێ رێگە بە هەر کەس و لایەنێک بدرێ دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات. ئەمە دانوستانی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتە و چوونی شاندی حزبی بۆ بەغدا کێشەکان چارە ناکات."

(نەدا مێرگەسووری) سەردانی هەر شاندێکی حزبی بۆ بەغدا، بە خاڵی "لاواز"ی کورد دەزانێ و بە پێویستی دەزانێ حکوومەتەکان بە یەکەوە کۆ ببنەوە.

کاوە جەم
 

هەواڵی پەیوەندیدار