پۆستە سیادییەکەی هەرێم بە رێککەوتنی سیاسی پڕ دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان رێککنەکەون، کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام نادرێت.
دوای ئەوەی (یووسف محەممەد) دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کشایەوە، ئێستا ئەو لایەنانەی لە ناو حکوومەتدا ماونەتەوە، بەپێی گوتەی پەرلەمانتارێک دەبێت کار بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە بکەن، چونکە بە رێککەوتنی سیاسی نەبێت، ئەو پۆستە لە پەرلەمان یەکلا نابێتەوە، چونکە پۆستەکە سیادییە.
(فرسەت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لە ماددەی ٧ بڕگەی یەکەم، هاتووە، سەرۆک یا جێگر، سکرتێری پەرلەمان دەست لە کار بکێشنەوە، دەبێت بخرێتە بەرنامەی کۆبوونەوەی دواتر، بۆ پەسەندکردنی بە زۆرینەی دەنگ، کۆبوونەوەی دواتریش دەبێ بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ لە بڕگەی دووەم ماددەی ١٦ دەبێت کاندیدی بۆ ئەو پۆستەی کە بەتاڵە پێشکەش بکرێت، ئەویش دەبێت بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت، تاوەکو کاندیدێکیش نەبێت کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام نادرێت، ئەویش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان".
پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەک سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت، پۆستێکی سیادییە و پێویستی بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە، بە گوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە بێت، لە ئێستادا رووی وەرگرتنی ئەو پۆستە لە یەکێتیی نیشتیمانییە، گوتیشی: "تا ئێستا روون نییە ئایا یەکێتی وەریدەگرێت یا نا، گەر وەریشی نەگرێت، ئەوا دەکەوێتەوە سەر پارتی، خۆی وەریدەگرێت، یا دەیداتە لایەنە کەمینەکان."
خێڵان بەختیار




