٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران: هێشتا هیچ پلانێكمان بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق نییە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دەست بە تۆماركردنی هاوپەیمانێتیی قەوارەكان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژارنی پارتییش رایدەگەیێنێت، تا ئێستا پارتی هیچ پلانێكی بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی نییە.

 لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، زیاتر لە 146 قەوارەی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ناوی خۆیان تۆماركردوە و پەسەند كراون، هاوكات دەرگای تۆماركردنی هاوپەیمانێتیی قەوارەكان لە كۆمسیۆن دەست پێ دەكات و تا رۆژی 7ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، (خەسرۆ گۆران) ئاماژەی بەوە كرد، كە تا ئێستا پارتی هیچ پلانێكی بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ قەوارەیەكی دیكەدا نییە.

(خەسرەو گۆران) بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند، وەكوو پارتی ناوی خۆیان لە كۆمیسیۆن تۆمار كردووە و چاوەڕێی پێشهاتەكانی داهاتوون.

بارودۆخی ئێستای هەرێم و ناوەند بە ئاڕاستەیەكی نەخوازراودا دەڕوات، كە دەرگای گفتوگۆ لە لایەن ناوەندەوە بە رووی هەرێمدا وێڕای بوونی هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ كردنەوەی، داخراوە، ئەو بەرپرسەی پارتییش هێما بۆ بەشداریكردن و نەكردنی پارتی دەكات، بەوەی تا ئێستا دیار نییە پارتی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات، یا نا.

(گۆران) گوتیشی، "چوار پێنج مانگ بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوە، تا نزیكتر بینەوە، بارودۆخەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بۆیە تا ئەو كات پارتی هیچ بڕیارێكی لەبارەی بەشداریكردنی لە هەڵبژارن نەداوە، بارودۆخی ناوخۆی عێراقیش بە ئاقارێكدا دەڕوات، نازاندرێ ئایا هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت، یان نا".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار