زمانی کوردی بووە ٥٢وەمین زمانی فەرمیی لاوانی سیاسیی جیھان

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھانی رایگەیاند، کە توانیوویانە پاش ھەوڵێکی زۆر بەر لە کۆتایھێنانی ساڵی ٢٠١٧، زمانی کوردی بھێننە ڕیزی زمانە فەرمییەکانی تری لاوانی سیاسی جیھان، یەکەمین پۆستەری فەرمیش بە زمانی کوردی نووسرا.
(فەلاح حەسەن) جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیهان، بە Bulleye کە میدیایەکی ئەورووپاییە ڕایگەیاندوە: "لە دواکۆنگرەی لاوانی سیاسیی جیھانیدا، لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە برۆکسل بەڕێوە چووە، ھەوڵی تەواویان داوە، کە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی لاوانی سیاسیی جیھانیدا گۆڕانکاری بکەن و دەستەواژەی زمانی فەرمی ھەرێمەکانیش بخرێتە پرۆگرامەکەیانەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر تەنیا وڵاتەکان بۆیان ھەبوو زمان و نووسینی فەرمییان لە لاوانی سیاسیی جیھانیدا هەبێت، ئەم گەنجە کوردە سوپاسی ئەندامانی سیاسیی لاوانی جیھانی کرد، کە توانیوویانە پشتگیری لێبکەن، وەکخۆیشی گوتوویەتی، ئێستا زمانی کوردی بووە ٥٢مین زمانی فەرمی لاوانی سیاسی جیھانی، ئەویش لە کۆی ٩٣ وڵاتی ئەندام تیایدا.
شایەنی باسە لە مەودوا سەرجەم پەیام و پۆستەرە گشتییەکانی لاوانی سیاسیی جیھانی بە زمانی کوردیش دەنووسرێن و چاپ دەکرێن، لە ئێستاشدا بە زمانی کوردی شان بە شانی زمانە فەرمییەکانی دیکەی وڵاتان، سەبارەت بە یادی لە دایکبوونی حەزرەتی (مەسیح) و یادی سەری ساڵی نوێ بڵاوبکرێتەوە.




