"مامۆستایان لە نیازی کەسانێک گەیشتن بۆیە کۆتاییان بە خۆپێشاندان هێنا"

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، مامۆستایان زانیان خەڵکانێک ئەوان بۆ مەرامی خۆیان بەکار دێنن، بۆیە کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکان ھێنا، بۆ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک ئەو ھەلە نەقۆزێتەوە.
مامۆستایان لە سنووری سلێمانی لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاریان دا، کە خۆپێشاندان ئەنجام بدەن بۆ داواکردنی مافی خۆیان، بەڵام لە نێو خۆپێشاندانەکاندا خەڵکانێک ئەوانی بەکار ھێنا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و ھێرش کرایە سەر بارەگا حکوومی و حزبییەکان و زیانی زۆری ماددیی لێ کەوتەوە و جگە لەوەش، ٢ کەس کوژران و١٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئێستا خۆپێشاندانەکان کۆتاییان پێ ھاتووە.''
لەم بارەیەوە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، (ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەتا مامۆستایان ویستیان لە ڕێگەی خۆپێشاندانی مەدەنی و ھێمنانەوە داوای مافی خۆیان بکەن و ئێمەش وەکو یەکێتیی مامۆستایان پشتگیری لەو جۆرە خۆپێشاندانانە دەکەین، بەڵام دواتر خەڵکانێک خۆیان خزاندە نێو خۆپێشاندانەکان و ئەوانیان بۆ خۆیان بەکار ھێنا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و زیانی زۆری ماددی و گیانیشی ھەبوو.''
(ئەحمەد گەرمیانی) گوتی: ''ئەوەی توندوتیژی بەکار ھێناوە بە ھیچ شێوەیەک مامۆستایان نەبوونە و خەڵکانێک بوونە کە دیارن و تەمەنیشیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بوو، بۆیە مامۆستا کاری لەو جۆرە ناکات.''
(ئەحمەد گەرمیانی) ڕوونیشی کردەوە: ''دوای ئەوەی مامۆستایان زانییان خەڵکانێک خۆپێشاندانی ئەوان بۆ مەرامی خۆیان بەکار دێنن، بۆیە کۆتایییان بە خۆپێشاندان ھێناوە و بە شێوازی جیاوازتر ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بۆ ئەوەی توندوتیژیی لێ نەکەوێتەوە و لە لایەن خەڵکانی دیکەشەوە بەکار نەھێندرێن.''
بڵند ئیبراھیم




