"بەكارھێنانی منداڵ و ھەرزەكار لە خۆپێشاندانەكاندا، زەنگێكی مەترسیدارە"
__2017_12_24_h15m18s11__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە رووداوەكانی حەفتەی رابردووی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕیندا، ژمارەیەكی زۆری منداڵ و ھەرزەكار بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپێشاندانەكان و نانەوەی توندوتیژی بەكار ھێنراون، پسۆڕانیش پێیان وایە كە، ھیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە منداڵ و ھەرزەكار بۆ مەرامی خۆی بەكار بێنێ تەنانەت دایك و باوكیشیان.
(زریان كاكەیی)، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی كۆمەڵناسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەپێی جاڕنامەی جیھانی مافەكانی مرۆڤ و مافی منداڵ، تەنانەت دایك و باوكی منداڵ و ھەرزەكار بۆیان نییە منداڵەكەیان بۆ بابەتێك لە دەرەوەی یاسا و مافی مرۆڤ بەكار بێنن، چ جای بگاتە ئاستی ئەوەی منداڵ و ھەرزەكار بەشدارییان پێ بكرێت لە چالاكیی سیاسی و خۆپێشاندانەكاندا، چونكە ھەرزەكارێك ھیچ لەبارەی ئەجێندای خۆپێشاندان و گردبوونەوە نازانێت و، ئەوانەی ئاڕاستەی دەكەن، لایەنی سیاسی و كەسانی گەورەن".
(كاكەیی) گوتیشی، "پێویستە منداڵ و ھەرزەكار لە چالاكییەكان بەشدارییان پێ نەكرێت و تەنانەت نابێت منداڵ و ھەرزەكار بۆ لایەنێك رۆژنامەیش بڵاو بكاتەوە، چونكە دەبێتە ھۆكار لەسەر دەروونی منداڵەكە و بەلاڕێدابردنی بۆ كاری نایاسایی، من نازانم ئەوە چ دایك و باوكێكە ئەوەندە كۆنتڕۆڵی منداڵەكەی لە دەست دەرچووە بچێتە نێو خۆپێشاندان و بەشداری لە توندوتیژییەكاندا بكات".
هاوكات (ئارام زاھیر) شارەزای بواری منداڵان و كۆمەڵایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتڕاستی كردەوە، "بەكارھێنانی منداڵ و ھەرزەكار بە بڕیاری خۆیان نییە، بەڵكوو پێیان دەكرێت و ھان دەدرێن تا پشێوی بنێنەوە، ھەرزەیەك چی لەوە دەزانێ خۆپێشاندان و گردبوونەوە مەبەست لێی چییە و بۆچی بەرد بگرێتە فەرمانگەیەكی حكوومەت، ھەموو ئەوانەی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەكانی رۆژانی رابردوودا كردووە و تەنەمەنی یاساییان تەواو نەكردووە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونیان دەمێنێت و كاتێكیش گەورە بوون، كەسێكی توندوتیژیان لێ دەردەچێ".
(زاھیر) روونیشی كردەوە، "پێویستە ئاگاداری ئەوە بین منداڵ و ھەرزەكار لە ھیچ چالاكییەكی وەھا تێوە نەگلێ، چونكە تا ماوە ئەو منداڵە یان ھەرزەكارە ھەر بە ترسەوە دەژیت و ھەموو كات ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی تاوانێك كە لە منداڵی و تەمەنی زوودا پێی كراوە، كە ئەمەیش زەنگێكی مەترسیدارە بۆ سەر داھاتووی كۆمەڵگا".
قائید میرۆ




