دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دوا خرا
كەركووك-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایدەگەیێنێت، تاوەكوو ئێستا بەغدا وەڵامی داواكارییەكەی سەرۆكی ئەنجوومەن و لیستی برایەتی نەداوەتەوە و، دانیشتنی ئەنجوومەنیش رۆژی سێشەممە بەڕێوە ناچێت.
(محەممەد كەمال) سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبەر یادەكانی سەری ساڵ و لەدایكبوونی حەرزەتی مەسیح دوا خرا، دیارە سێ لە ئەندامانی لیستی برایەتی مەسیحین بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشدار بن داوایان كرد كۆبوونەوەكە نەكەوێتە نێو جەژنەكانی سەری ساڵ و لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و وەكوو رێزێك بۆیان كۆبوونەوەكەی رۆژی سێشەممە هاتە پاشخستن."
لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش، (كەمال) گوتی، "ئەگەر بەغدا ئامادە نەبێ دۆخی شاری كەركووك ئاسایی بكاتەوە و حەشدی شەعبی و سوپاكەی نەكشێنتەوە، ئێمەیش ئامادە نین بگەڕێینەوە و لە كەركووك كۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئەنجام بدەین، چونكە ئێمەیش بە خەڵكی خۆمانەوە پابەندین، ئەو خەڵكەی ئێمە و حیزبەكان كەی گەڕانەوە و بارەگاكان ڕادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە، ئەو كاتە ئێمەیش دەگەڕێینەوە، لەبەر ئەوەی نوێنەری ئەو خەڵكەین و ئەم دۆخەی ئێستا قبووڵ ناكەین".
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بەغدایش بۆ داواكارییەكەی سەرۆكی ئەنجوومەن دەڵێت، "تاوەكوو ئێستا هیچ شتێكی نوێ نییە لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و، لە رێگای سەرۆكی ئەنجوومەنەوە نامەمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) كرد، بەڵام پێشبینی ناكەم وەڵامی هەبێت و داواكارییەكە جێبەجێ بكات".
ئەنجوومەنی پارێزگای لە 41 كورسی پێك دێت و كوردیش زۆرینەی ئەنجوومەنەكە پێك دێنێت كە ژمارەی كورسییەكانی 26 كورسین.
نەشوان بەرزنجی




