٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا زمانی کوردی لەسەر پسوولەی خۆراک لا دا

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی عێراق بڕیارێکی دیکەی دژی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە، ئەویش لابردنی زمانی کوردییە لەسەر پسوولەی خۆراک و "ئێمە ئەو پسوولانەمان رەت کردووەتەوە ".

بەغدا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە رۆژ بە رۆژ بڕیاری زیاتر دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکات و سزای زیاتر بەسەر ھەرێمی کوردستاندا دەسەپێنێت، کە وەک یاسایی و سیاسییەکان دەڵێن، ھەموویشیان نادەستووری و نایاسایین.

(عەبدولرەزاق ناوەندی) بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ساڵانی رابردوودا پسوولەی خۆراک زمانی کوردی و عەرەبی لەسەر ھەبووە، کەچی ھەفتەی رابردوو پسوولەی نوێی خۆراکیان بۆ ئێمە رەوانە کردووە تەنھا زمانی عەرەبی لەسەر بووە و زمانی کوردی لابراوە، بۆیە ئێمەش ڕەتمان کردەوە وەریگرین و وەریشمان نەگرت."

لەبارەی ھۆکاری لابردنی زمانی کوردی (عەبدورەزاق ناوەندی) گوتی،  "ئەوانمان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێمە بەو جۆرە وەریناگرین و ئەوانیش باسیان لەوەکردووە بەھۆی ھەڵەی چاپەوە زمانی کوردی لابراوە و ئێمەش پێمان گوتوون ئەمە بەھۆی پرسی سیاسییەوەیە نەک ھەڵەی چاپ بێ، بۆیە ئامادە نین ئەو پسوولانە وەرگرین و ئەوانیش تائێستا بێدەنگ و ھیچ وەڵامێکیان بۆ ئێمە نەبووە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار