محەمەد خورشید: لە کەرکووک پیلانی تێکدانی گەڕەکە کوردییەکان دانراوە

هەولێر-KDP.info- محەمەد خورشید دەڵێ، حەفتەی ڕابردوو خێزانەکانی نیشتەجێبووی نێو شوققەکانی ھەردوو گەڕەکی سەیادە و پەنجاعەلی ئاگادار کراونەتەوە بۆ دەرکردن. دەشڵێ، پیلانی بەعەرەبکردنی کەرکووک ھەیە و کورد لەو شارە دەردەکرێ، ئەم پیلانە لە ئەجێندای سەرەکیی دەسەڵاتدارانی ئێستای کەرکووکە، لەبەر ئەوەش گومانمان ھەیە ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە ساڵانی ڕابردوو دروست کراون تێک بدرێن و خەڵکەکەیشی دەربکرێن.''
(د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەردوو گەڕەکی پەنجاعەلی و سەیادەی شاری کەرکووک دروست کراون و ئەو سەردەمە بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک بەسەر خانەوادەی شەھیدان و بەشێک لە پێشمەرگەکانی سەر بە یەکەی ٧٠دا دابەش کرابوون و تێدا نیشتەجێ ببوون، بەڵام ئێستا ئەو خێزانە کوردانە دەردەکرێن و کەسێکیش نییە بەرگرییان لێ بکات.''
بەرپرسەکەی پارتی ڕوونی کردەوە: ''ئەم بڕیارە بەر لە مانگێگ لە لایەن پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەرکراوە و حەفتەی ڕابردوو خێزانەکانی نیشتەجێبووی نێو شوققەکانی ھەردوو گەڕەکی سەیادە و پەنجاعەلی ئاگادار کراونەتەوە بۆ دەرکردن.''
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە نێو شاری کەرکووک بە دەستی گەیشتوون، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پیلانێکی مەترسیداری ھەیە بۆ ئەوەی لەژێر ناوی سەرپێچیدا ھەموو ئەو خانووانەی لە لایەن کوردەوە لە ساڵانی ڕابردوو دروست کراون تێک بدرێن، کە ژمارەیان لە ھەزاران خانوو پێک ھاتووە و دانیشتوانەکەی، ئەو ئاوارە کوردانەن لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق گەڕاونەتەوە کەرکووک.
(د.محەمەد خورشید) گوتی: ''بە پێی ئەو زانیاریانەی بەردەستی ئێمە، پیلانی بەعەرەبکردنی کەرکووک ھەیە و کورد لەو شارە دەردەکرێ، ئەم پیلانە لە ئەجێندای سەرەکیی دەسەڵاتدارانی ئێستای کەرکووکە، لەبەر ئەوەش گومانمان ھەیە ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە ساڵانی ڕابردوو دروست کراون تێک بدرێن و خەڵکەکەیشی دەربکرێن.''
قائید میرۆ




