"لە سلێمانی گرووپی ئاشتی دروست دەكرێت.. سەردانی سەرجەم حزبەكان دەكەن"

سلێمانی-KDP.info- بە مەبەستی رێگریكردن لە تووندوتیژی، لە سلێمانی گرووپێكى ئاشتی لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دروست دەكرێت، ئەندامێكی ئەو گرووپەیش دەڵێت، "ئەگەر رێگری نەكرێت، كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوات".
دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی شاری سلێمانی، كە بە هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریدار بوون، سەرجەم لایەنەكان بڕیاردان داوە كە ئارامی بۆ شار بگەڕێننەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی شاری سلێمانی لە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەدان، بە مەبەستی رێگریكردن لە نانەوەی پێشووی و ئاژاوە لە شاری سلێمانی.
ئەمڕۆ شەممە (٢٣\١٢\٢٠١٧)، گرووپێك لە هونەرمەند و شانۆكار و ڕۆشنبیر و ئاكادیمیانی شاری سلێمانی گرووپێك بە ناوی (لە پێناوی ئاشتیدا) دروست دەكەن، (جەزای ساز)، هونەرمەند و موزیكژەن كە یەكێك لە ئەندامانی گرووپەكەیە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "گرووپێك لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و كەسانی ئاكادیمی پێك دەهێنرێت، كە بۆ راوەستانی گرژییەكانە و لە پێناوی ئاشتیدا كار دەكەین، دەشمانەوێت بەر بەو گرژیانە بگرین كە لە شاری سلێمانی و شارەكانی دكەیشن و دەخوازین ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێك نەچێت و سەردانی سەرجەم لایەنەكانیش دەكەین، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە لەدەست دەرنەچێت، چونكە كوردستان لە لێواری مەترسیدایە".
(جەزای ساز) گوتیشی، "ئامانجمانە رێگری بكەین لە دروستبوونی ئاژاوە و لەگەڵ هەموو حزبەكانیش ئەو مەترسیانە دەخەینە ڕوو، چونكە كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوات و ناكرێت ئەوەی هەیە تێك بدرێت و نەتوانین خۆمان كۆ بكەینەوە، چونكە ئەوەی ماوە پێكەوەژیانی خەڵكە و دەبێت رێگری لە تێكدانی پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان بكرێت".
كارزان سەباح هەورامی




