لایەنە سیاسییەکان لە دهۆک: پشتگیری لەو جۆرە خۆپێشاندانە ناکەین کە تێکدەرانەیە
__2017_12_21_h16m28s49__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکاندا (فەرهاد ئەترووشی)، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون کە بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لەو جۆرە خۆپێشاندانە ناکەن کە تێکدەرانەیە..لایەنەکان هاوڕان لە سزادانی ئەوانەی تێکدەرن.
(فەرهاد ئەترووشی)، وەک پارێزگاری دهۆک، بە ئامادەبوونی لیژنەی ئەمنی، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای دهۆک کۆ بووەوە و لە کووبەنەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو بارودۆخە ئەمنییە کرا، کە ئێستا کوردستان و شاری سلێمانی پێیدا تێپەر دەبێت و باسی بارودۆخی شاری دهۆکیش کرا و ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ جۆرە خۆپێشاندانێکی تێکدەرانە لە هۆک نەبووە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دهۆک کۆ بووینەوە و خەختمان لەسەر ئەوە کرد، چۆن پێکەوە کار بکەین و باسی ڕەوشی پارێزگای دهۆکیشمان کرد، کە تا ئێستا هیچ خۆپێشاندانێکی توندوتیژ تێیدا ڕووی نەداوە و ئێمە جەختمان لەوە کرد خۆپێشاندان مافێکی ڕەوا و سروشتیی هاووڵاتیانە لە دەستوور و یاسادا و کەس ناتوانێت ڕێگری لەو مافە بکات، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایییەکانی دەستووری خۆپێشاندانەکاندا بن بۆ ئەوەی خەڵک بارەگا نەسووتێنێت و لە کوشتن دوور بن، بەڵام دەبێ خەڵکەکەمان ئەوە بزانن، هەرێم بەگشتی و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چ قۆناغیکدا تێپەڕ دەبن و لەبەرچاوی بگرن، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە خۆپێشاندانە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بن.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، (ئەترووشی) باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "ئێمە لەسەر چوار خاڵ ڕێک کەوتین، ئەوانیش:
یەکەم، بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی ئەو جۆرە خۆپێشاندانە تێکدارانەیە ناکرێت .
دووەم، دەبێ خۆپێشاندان بە ڕێگای یاسایی و بە پێێ ڕێنماییەکان بن و خۆپێشاندان مافێکی ڕەوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە .
سێیەم، هەموو پێرابوونێکی یاسایی جێبەجێ بکریت، لەهەمبەر ئەوەی کاری تێکدەرانە بکات، یان دوور بێت لە سەقامگیری و ئاشتی.
چوارەم، هەموو لایەنەکان ئامادەییی خۆیان نیشان دا کە هاوکار و پشتگیری لیژنەی ئەمنی بن بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامیی پارێزگای دهۆک پارێزراو بێت.
هەموو لایەنەکانی پارێزگای دهۆک، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان پشکداری کۆبوونەوەکە بووون .
شایانی باسە لەم دواییانەدا لە پارێزگای سلێمانی و دەروبەری لە چەندین شار خۆپێشاندان دەکرێت و ڕێرەوی خۆپێشاندانەکانیان گۆڕیوە و بووەتە ئەگەری سووتاندنی بارەگای حزبی و حکوومی و زیانی بەرکەوتووە.
کـــــاروان بــــاعەدری




