مامۆستایەکی زانکۆ: دەبێ ئەوانەی خۆپێشاندانیان بە لاڕێدا برد و قوربانیی لێ کەوتەوە سزا بدرێن
__2017_12_21_h15m39s3__ER.jpg)
سلێمانی-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دواین ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی سنووری سلێمانی ڕاگەیاند و بە پێی ئامارەکە دوو کوژراو و ١٣٢ بریندار بووە، کە بەشێک لە برینداران لە ھێزە ئەمنیەکانن، ماموستایەکی زانکۆش دەڵێ، پێویستە ئەوانەی خەڵکی ھان دەدەن و دەستیان لەناو خۆپێشاندەران ھەیە، حکوومەت ڕووبەڕوویان بێتەوە و بیانداتە دادگا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپێشاندان لە سنووری سلێمانی ئەنجام دران و لە چەند ناوچە، لەوانە سلێمانی و کۆیە و ڕانیە و قەلادزێ و چەمچەمال و ھەڵەبجە و پیرەمەگروون و تەکیە و سەیدسادق بارەگای حیزبی سووتێندران و فەرمانگە حکوومیەکان سووتێندراون و زیانی زۆری ماددی بە وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و ئاوی سلێمانی گەیەندراوە و جگە لەوەش، زیانی زۆری گیانیشی ھەبووە، بە جۆرێک دوو کوژراو و ١٣٢ بریندار ھەبووە.
لەم بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. (د. خالس قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە دوو کەس کوژراون و ١٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوونە، کە بەشێک لە بریندارەکان تا ئێستا لە نەخۆشخانە ماون و چارەسەری پێویست وەردەگرن."
(د. خالس قادر) گوتیشی: "بەشێک لەوانەی بریندار بوونە ھێزە ئەمنیەکانن و بەشێکی دیکەش ھاووڵاتی بوونە، ئینجا لە ھەندێک شوێن برینداری ھێزە ئەمنیەکان زیاترە و لە ھەندێک شوێنیش برینداری ھاووڵاتی زیاترە."
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ (د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو خۆپێشاندانانەی لە سنووری سلێمانی دەکرێت، خەڵک نافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکات، بەڵام ئەوەی دەکرێت لە خۆپێشاندان دەرچووە و بارەگای حیزبی و حکوومی دەسووتێنن و دەیانەوێت سەقامگیریی ھەرێم تێک بدەن، ئەمەش کاریگەریی سلبی لەسەر ھەرێم دەبێت و کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکیش دەبێت."
لەبارەی ئەوەی تا چەند دەستی دەرەکی لە پشتی ھەیە، ئەو ماموستایەی زانکۆ گوتی: ''ئەمە خۆپێشاندان نییە، بۆ داواکاری خەڵکە و دەستی دەرەکی لەپشت ھەیە و ڕەنگە ئەمە بەغداش پێی خۆش بێت بەوشێوەیە بێت و ئەوان دەیانەوێت ھەرێم بەردەوام لە قەیراندا بێت، چونکە بە ھەموو شێوەیەک دژایەتیی ھەرێم دەکات و دەیەوێت دەستکەوتی ھەرێم لەناو ببات، بۆیە پێویستە خەڵکی ھەرێم ھۆشیار بن و نەکەونە بن کاریگەریی بەغداوە."
باسی لەوەش کرد: ''ئەو قوربانیەی دراوە لەو خۆپێشاندانانە، ئەوانە لێی بەرپرسیارن کە گەنج و ھاووڵاتی ھەرێم بەکوشتن دەدەن بۆ مەرامی خۆیان، بۆیە ئەوانەی لەپشت خۆپێشاندانەکانن ئەوان بەرپرسیارن، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی ئەوان بیێتەوە و بیانداتە دادگا، بۆ ئەوەی لە پەنای خەڵک مەرامی خۆیان جێبەجێ نەکەن و سەقامگیریی ھەرێمیش تێک بدەن."
بڵند ئیبراھیم




