٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو لیژنەی لێکۆڵینەوە پێوەست بە کەرکووک و خورماتوو چاوەڕێی بڕیاری بەغدان

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو، دوو لیژنە پێکهاتوون، بەڵام تا ئێستا چاوەڕێی بڕیار و مۆڵەتپێدانی حکوومەتی عێراقن. لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە و لیژنەکەی دیکەش لە پەرلەمانی بەغدا.

ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە، چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانە، بەڵام کێشە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە دەبێ بە مۆڵەتی بەغدا سەردانی کەرکووک و خورماتوو بکات.

(شوان نەعمان)، سەرۆکی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر بڕیاری کارکردنی ئەو لیژنەیە بدرێت، دەبێ مۆڵەت لە بەغدا وەربگرین و بۆ ئەمەش دەبێ لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی خۆمانەوە لە عێراق هەوڵ بدەین."

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەشکرکێشییان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد و ئێستا کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لەبەردەستدایە. بە هۆی ئەو لەشکرکێشییەوە کە کورد بە "نادەستووری"ی دەزانێ، سەرووی ١٠٠ هەزار کەس لە کەرکووک و خورماتوو ئاوارە بوون. چەکدارانی حکوومەتی بەغدا لەو ناوچانە و بەتایبەت شارۆچکەی خورماتوو چەندین پێشێلکارییان ئەنجام داوە. جیا لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس، بە سەدان ماڵ تاڵان کراون و بەدەیان خانوو و بینا تەقێندراونەتەوە و خەڵکی کوردیش گیانی لەدەست داوە.

ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەدا و تێیدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام بە هۆی پشووی پەرلەمانەوە، دەنگی لەسەر نەدراوە. لیژنەکە لە سێ ئەندامی کورد، سێی سوننە و سێی شیعە پێک دێت.

 

(ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "چاوەڕێی کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمانن بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر لیژنەکە بدرێت."

(جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، (سەلیم جبووری) پێی گوتین لیژنەکە دەتوانێ ئێستا دەست بەکارەکانی بکات، بەڵام هێزی یاسایی جیددی نابێت، بۆیە پێشنیاری کرد تا دەنگدان لەسەر لیژنەکە، کارەکان ڕابگیرێن."

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شارۆچکەی خورماتووی کرد، بەڵام لە لایەن کوردانی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیەوە ڕەخنەی ئەوەیان لێ گیرا کە سەردانی گەڕەکە کوردنشینەکانیان نەکردووە.

پێنج فراکسیۆنی کورد لە پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەکیان لەوبارەیەوە پێک هێناوە و دانیشتووانی خورماتوو ئەو کارەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ ئەو لیژنەیە ئاشکرا کردووە.

(ئەشواق جاف) لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە ڕوونکردنەوە لەوبارەیەوە بدەن.

بە بڕاوی ئەو پەرلەمانتارە، لیژنەکەی پەرلەمانی کوردستان دەتوانێ لە ڕێگەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، یان فەرماندەیی هاوبەش مۆڵەتی چوون بۆ کەرکووک و خورماتوو وەبگرن، ڕێگەیەکی دیکەش هەیە کە لیژنەکەی پەرلەمانی بەغدا و لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە کار بکەن.

 

کاوە جەم

 

هەواڵی پەیوەندیدار