مامۆستایەکی ئایینی: ئارامی کوردستان نیعمەتی خوایە و نەهێڵن لە دەستمان بچێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات سبەی لە ڕۆژی ھەینیدا ڕۆڵیان ھەبێت لە وەی توندوتیژی بەکار نەیەت لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە، مامۆستایەکی ئایینیش دەڵێ، ''ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان نیعمەتێکە خوا پێی داوین، نەکەن لەدەستمان بچێت.''
(شێخ مەزھەر خۆراسانی)، مامۆستای ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مامۆستا و زانایانی ئایینی ھەمیشە لە پێشەوەی ئەو خەڵکە بوونە، کە داوایەکی ڕەوایان ھەبووە و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەو چوارچێوەیەدا دیار و بەرچاوە، ئێستا ڕاستە لە ھەرێمی کوردستان ڕەوشەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە ھاووڵاتیان زەحمەتە بەرگەی زیاتر بگرن، ھەر چالاکییەکی مەدەنی و ئاشتییانەش بکەن مافی شەرعی و یاساییی خۆیانە، سەرەڕای بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان تاکە شت کە بۆ ئێمەی ھاووڵاتییان مابێتەوە ڕەوشی ئارامی ھەرێمی کوردستانە، کە ئاسایش و سەقامگیری نیعمەتێکە خوای گەورە پێی داوین و پێویستە ھەموومان ھەوڵی بۆ بدەین، کە لە دەستمان نەچێت.
ئەو مامۆستای ئایینییە دەشڵێت: "تێکدانی ڕەوشی ئارامی ھەرێمی کوردستان زیان بە ھاووڵاتییانی ھەژار دەگەیەنێت، چونکە سووتانی بارەگا و زیانگەیاندن بە شوێنە گشتییەکان، زیانگەیاندنە بە ھەموومان و ئەوەیشی لەنێو ئەو بارەگا و شوێنە گشتییانەن، ھەر کەسوکاری ئێمەن و وەک ھەموو فەرمانبەر و ھاووڵاتییەک مووچەکەی کەم کراوەتەوە.''
(شێخ مەزھەر خۆراسانی) ئاماژەیشی دا: "ئەگەر ئاو و کارەبا و مووچەمان نییە، با ھەموومان دەست بەو کەشە ئارامەوە بگرین لەدەستمان نەچێت، چونکە ھیچ نەبێت لە ژێر سێبەری ڕەوشی ئارامی ھەرێمی کوردستان بتوانین خۆپێشاندان و داواکانمان بگەیەنین، چاو لە نەیارانی کوردستان نەکەین بۆ ئەوەی ڕەوشەکە بە یەکجاری لێمان بڕوات، خۆ دەبینین عێراق لە قەیرانێکدایە و با (حەیدەر عەبادی) بە (محەمەدی مەھدی) نەزانین، کە ببێتە فریادڕەسمان، بەیانی ڕۆژی ھەینییە، پێویستە مامۆستایانی ئایینی لەسەر مینبەری پێغەمبەرمان، سڵاوی خوای لەسەر بێت، جێی دەستیان دیار بێت بۆ ئەوەی داوای مافی ھاووڵاتییان بکەن و ڕۆڵیان ھەبێت لە ھێورکردنەوەی ڕەوشەکە."
(مەریوان نەقشبەندی)، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانی سێشەممە لە لایەن لیژنەیەکی شارەزای وەزارەتی ئەوقافەوە بابەتی گۆتاری ھەینی بۆ مامۆستایانی ئایینی دیاری دەکرێت و بۆ سبەی، ڕۆژی ھەینی داوامان لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی کردووە باس لە ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و خۆپێشاندانەکانیش بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی بە ئاشتییانە داواکانیان بگەیەنن و دوور کەونەوە لە توندوتیژی و کلتووری پەلاماردانی شوێنە گشتییەکان.''
لەبارەی ڕۆڵی ھەندێ مامۆستای ئایینیی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ھاندانی خۆپێشاندەران بۆ مەبەستی دروستکردنی بشێوی، (مەریوان نەقشبەندی) دەڵێت: "ئێمە ڕێنماییمان بەو مامۆستایانەش داوە، کە لە ھەموو ھەرێمی کوردستانن و ڕێنماییی ئێمە ئیدارییە وەک وەزارەت، بەڵام کێشە ئەوەیە بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی لە بزووتنەوەی گۆڕانە و ئیتر لێپرسینەوە لە هەر مامۆستایەکی ئایینی، کە لە ڕێنماییەکانی ئێمە لا بدات، دەکەوێتە ئەستوی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی ھەر پارێزگایەک."
قائید میرۆ




