٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" لە نێو خۆپێشاندەراندا چەند دەستێک هەن دەیانەوێ ناسنامەی کوردبوون بسڕنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ماموستایەکی زانکۆی سلێمانی دەڵێ، لەناو خۆپێشاندەراندا چەند دەستێک ھەیە و دەیانەوێ ناسنامەی کوردبوون بسڕنەوە، ئەوەی ڕوو دەدات دڵی سەرانی عێراق و نەیارانی کوردی دڵخۆش کردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپێشاندان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێن و توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە و ھێرشی سەر بارەگای حیزبەکان و فەرمانگە حکوومییەکان کراوە و زیانی زۆریان پێ گەیەندراوە و چاودێرانیش پێیان وایە، ئەمە کەسانێکن دەستێکی دەرەکییان لە پشتە و دەیانەوێت لە ڕێگەی مافی ڕەوای خەڵکەوە مەرامی خۆیان جێبەجێ بکەن و دۆخی ھەرێمی کوردستان تێک بدەن. بۆیە پێویستە مامۆستا و فەرمانبەران ڕێگری لەمە بکەن و ئەمە قبووڵ نەکەن.

لەو بارەیەوە، ماموستای زانکۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، (کەیوان ئازاد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو خەڵکێک مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکات. ئەمە پرەنسیپێکە لە دیموکراسی ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئایا زەمینە لەبارە ئەو داواکارییە بکەی، سەرەڕای ئەوەی خەڵک کۆمەڵێک گلەیی و داواکاریی ھەیە، کە مافی خۆیەتی لەو حکوومەتەی داوا بکات، بەڵام ئەمە ناگاتەی ئەوەی کە دۆخی ھەرێمی کوردستان خراپە و مەترسیی حەشدی شەعبی ھەیە، تۆ بێی لەوکاتەدا خۆپێشاندان بکەی و دڵی ئەوانە خۆش بکەی، کە چاویان بە ھەرێمی کوردستان ھەڵنایە."

 

(کەیوان ئازاد) گوتیشی: ''ھەر خۆپێشاندانێک لە زاخۆ تا خانەقین بکرێت، زیاتر بیانوو دەدا بە دەستی حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەوەی مووچەی ھەرێم نەدات، کە تۆ داوای ڕووخانی ئەم حکوومەتە بکەی، حکوومەتی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەوان لە لێواری ڕووخاندان، بۆ مووچەیان بۆ ڕەوانە بکەین و دڵی حکوومەتی عێراقی پێ خۆش دەکەین، بۆیە ئەمە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەک چارەسەر."

 

(کەیوان ئازاد) نموونەی ئەوە دێنێتەوە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نەبوو جگە لە ئازادی، بۆیە بۆ ئازادی ڕاپەڕین و بەعسیان لە ناو خۆیان دەرکرد، بۆیە ئێستا کە مووچە نییە، نابێ ئەمنییەت لە خۆمان تێک بدەین، چونکە گەر ئەمنییەت تێکچوو، ئەوکات ھیچ شتێک فریامان ناکەوێت."

 

ئەو ماموستایەی زانکۆ ڕاشیگەیاند: "لەپاڵ خۆپێشاندان و سووتاندنی بارەگا حیزبیەکانەوە دێن فەرمانگە حکوومییەکان دەسووتێنن، وەکو فەرمانگەی تاپۆ، بۆیە ئەمانە دەستێکی دەرەکییان لەپشتە و دەیانەوێت ھەرچیی بەڵگە و ئەزموونی کوردی ھەیە، لەناوی ببەن و کوردبوونی ڕەش بکەنەوە، بۆیە لە ناو خۆپێشاندەران چەند دەستێک ھەیە، دەیەوێت ناسنامەی کوردبوونمان بسڕنەوە، بۆیە ئەوەی دەکرێت ھەڵەیەکی زر گەورەیە و دواجار خەڵک زیان دەکات و سەرانی عێراق دڵیان پێی خۆشە و کاریشی لەسەر دەکەن."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار