نێچیرڤان بارزانی: رێگەی دابینکردنی مووچەمان لە داهاتوودا هەیە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، رایگەیاند پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت و رێگەش هەیە لە داهاتوودا مووچە دابین بکرێت. سەرۆکوەزیران خۆپێشاندانی بە مافی رەوای هەر تاکێک زانی، بەڵام جەختی کردەوە کە پێش لە هەر جۆرە کارێکی تێکدەرانە دەگرن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند حکوومەتەکەی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەیکات. ئەو، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، "پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت و رێگەشمان هەیە لە داهاتوودا دابینی بکەین."
شەوی رابردوو سەرۆکوەزیران (نێچیرڤان بارزانی) بۆ کوردستان گەڕایەوە و ئەمرۆش کۆبوونەوەی کابینەکەی بەڕێوە برد. ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا، پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوخۆیی کوردستان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمرۆی حکوومەت بووە.
جیدیبوون لە رووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕی
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، خۆپێشاندان بەڕێوە چوون و دوای ئەوەی "رێڕەوی خۆپێشاندنەکانەکان گۆڕان"، چەندین بینای حزبی و حکوومی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشیی لە کەسوکاری ماڵباتی گیانبەختکراوانی ئەو رووداوانە، خۆپێشاندانی بە مافی رەوای هاووڵاتیان زانی، بەڵام جەختی کردەوە کە دروستکردنی ئاژاوە و سووتاندنی بارەگای حزبی و حکوومی، ناچێتە چوارچێوەی داواکردنی ماف.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتی، "دەستی تێکدەر هەیە و دەیانەوێ ئاراستەی خۆپێشاندان بگۆڕن. هاندان هەیە و دەیانەوێ دۆخەکە تێکبدەن. بەدڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان دژی هەموو ئەو پیلانانەیە و ئێمەش رێگە نادەین بە هیچ شێوەیەک ئەمە روو بدات. ئێمە بە پێی یاسا سنوورێک بۆ ئەو ئاژاوە دادەنێین و لەمەشدا جیدین."
سەرۆکی حکوومەت روو لە رۆژنامەنووسان گوتی، "ئەمە خرۆشانی جەماوەری نییە و دەیانەوێ کوردستان تێکبدەن. سەیر بکەن کاتێک کە جموجۆڵی حەشد و سوپای عێراق لە مەخموور هەبوو، لە سلێمانیش ئاژاوە دروست بوو. ئەو پیلانگێڕییەی لەسەر کوردستان هەیە، زۆر لەوە گەورەترە کە هەستی پێدەکرێت."
بە بڕاوی سەرۆکوەزیران، گەلی کوردستان و حزبە سیاسییەکان لەو قۆناغەدا دەبێ یەکگرتوو بن، ئەگەر بەو شێوەیەش نەبێت هیچ کەس و لایەنێک لە کوردستان براوە نابێت.
"کشانەوە چارەسەر نییە"
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، داوای کرد هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕیوەبچێت و ماوەکەشی لە سێ مانگ تێنەپەڕێت. دوای چەند رۆژ لەو داوایەی حکوومەت، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەش، رایانگەیاند لە حکوومەت دەکشێنەوە.
سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد کشانەوەی ئەو دوو حزبەی لە حکوومەت، لە رێگەی میدیاکانەوە بیستووە و سەرەڕای رێزگرتن لە بڕیاری ئەو حزبانە، پێیوابوو دەبوایە ئەو حزبانە پێش لەو بڕیارەیان، کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکوومەت کردبا و هۆکاری کشانەوەیان باس کردبا.
(نێچیرڤان بارزانی) دەڵێ، "لە کاتێکدا داوای هەڵبژاردنمان لە سێ مانگی داهاتوودا کردووە، هیچ هۆیەک بۆ کشانەوەی ئەو دوو حزبە لە حکوومەت نابینم. ئەگەر باس لە کەموکوڕی دەکەن، یانی ئەوان دوای چوار ساڵ زانیویانە کەموکوڕی هەیە؟ بە کشانەوە هیچ شتێک چارەسەر نابێ و هیچیش ناگۆڕدرێت."
هاوکات سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئێستا لە ئارادانییە. بە پێی یاسا، پێویستە وەزیرانی ئەو دوو حزبە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ئاراستەی حکوومەت بکەن و سەرۆکوەزیرانیش قبووڵی بکات.
بە بڕاوی (نێچیرڤان بارزانی) باشترین رێگەچارە بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.
ئەڵمانیا و فەرەنسا قۆڵیان هەڵماڵیوە
سەردانی شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە، تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی (نێچیرڤان بارزانی) بوو. ئەو، سپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ هەموو ئەو یارمەتییە مرۆیی و سەربازیانەی پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە.
سەرۆکی حکوومەت، باسی لەوەش کرد کە حکوومەتەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا دەیانەوێ یارمەتیی بەغدا و هەولێر بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە پێی دەستوور و لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتی، "فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێ بە هاوبەشی ئەو کارە بکەن. ئێمە لەو سەردانەدا باسمان لە چۆنییەتی یارمەتیدانی ئەورووپا و ئەو وڵاتانەمان بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کرد. حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو دەستپێشخەریانە دەکات."
رۆڵی زیاتری سەرۆککۆمار
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق نامەیەکی بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ هەر یەک لە (نێچیرڤان بارزانی) و (حەیدەر عەبادی) و نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە.
سەرۆکوەزیران دەڵێ، "نامەکەمان بەدەست گەیشتووە و پێمان وایە سەرۆککۆمار دەتوانێ رۆڵی زیاتر لە ئێستا بگێڕێت."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بە پێی دەستوور، خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان بە ئیدارەیەکی هاوبەش بەڕێوە بچێت. سەرەڕای ئەو ئامادەییەی حکوومەتی هەولێر، تا ئێستا حکوومەتی بەغدا هیچ هەنگاوێکی نەهاویشتووە.
(نێچیرڤان بارزانی) باسی لەوە کرد کە لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە کەس بیری لە چارەکردنی کێشەکان نەکردووەتەوە، بەڵکوو هەر لەسەر بنەمای لاوازی و بەهێزی بڕیار دراوە. ئەو دەڵێ، ئێستاش کێشەکان بەو شێوەیە چارە نابن، قووڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدایە و هیواداریش ئەو ئامادەییەش لای بەغدا هەبێت."
کاوە جەم




