هاووڵاتیان، پەلاماردانی فەرمانگەکانی حکوومەت بە زیان بە خۆیان دەزانن

هەولێر-KDP.info- خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، سوتاندنی چەندین فەرمانگە حکوومی و بارەگا حیزبییەکانی چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، هاوونیشتیمانیانیش توندوتیژی بۆ نەبوونی هۆشیاریی کۆمەڵگا و ڕاهێنانان لەسەر ڕەشبینی دەگێڕنەوە و داوایش دەکەن، بە شێوازی مەدەنیانە و هێمنانە داوای مافەکان بکرێت.
(محەممەد دیدی) راهێنەری تایکواندۆ و نیشتەجێی شارۆچکەی رەواندزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "کاتێک حکوومەت ناتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بێنێ، لە هەندێ بواردا کەمتەرخەم بێ، ئەوا هاووڵاتی مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام وەک وڵاتانی پێشکەوتوو داوای مافەکانیان بکەن. بەڵام بە هۆ نەبوونی هۆشیاریی دروستەوە، خەڵکی ئێمە بە شێوەیەکی مەدەنیانە ناڕژێنە سەر شەقامەکان."
پەلاماردانی شوێنە حکوومییەکان کە مڵکی میللەت و نیشتیمانە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، (محەممەد دیدی) بۆ نەبوونی ئینتیمای نیشتیمانی دەگێڕێتەوە و باوەڕی وایە: "زۆربەی ئەوانەی خۆپیشاندان بە ئاگاری توندوتیژی دەبەن و گێرەشێوێن دەردەکەون، ئەوانەن کە هیچ ئینتیمایەکی نیشتیمانییان نییە. کە باسی حکوومەت و دامودەزگاکانیشیان بۆ دەکەی، وا دەزانێت باسی دوژمنێکی سەرسەختی بۆ دەکەیت!، ئەمڕۆ گەنجانێک پەروەردە کراون کە واقیعبین نین، وا فێر کراون رەشبین بن، بۆیە لە کاتی خۆپیشانداندا زوو هەڵدەچن و پەنا بۆ سوتاندنی فەرمانگەی حکوومی دەبەن و کاری تێکدەرانە دەکەن".
ئەو هاووڵاتییە باسیش لە کاردانەوەی ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە دەکات، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر خودی خۆیان و وڵاتەکەشیان دەبێت، "سوتاندنی فەرمانگە حکوومییەکان زیانگەیاندنە بە خودی خۆیان و کەسوکار و نیشتیمانیش، چونکە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەو فەرمانگانە لە کار دەکەون و ئیش و کاری هاووڵاتیانیش رایی ناکرێن، لە هەمووی خراپتر ئەو فەرمانگانە هەزاران بەڵگەنامە و مامەڵەی هاووڵاتیانیان تێدایە و لە ناو دەبرێن، کە جیا لە زیانگەیاندن بە خۆیان و خەڵکی، بەرهەمێکی دیکەی نابێت".
(کاروان عەلی) هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێرە و دەڵێ: "دەبێ هەموو لایەک لە کاتی خۆپیشانداندا بەرامبەر مڵکی گشتی هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین، چونکە مڵکی هەموومانە بێ جیاوازی، سوتاندنی فەرمانگەی حکوومی زیانگەیاندنە بە خۆمان".
لەم خۆپیشاندانانەی ئەمدواییەشدا چەند هاووڵاتییەک کوژران و دەیانیش بریندار بوون، (کاروان عەلی) هێما بۆ ئەوە نەزانینی داخوازیی ماف لە لایەن تاکی کۆمەڵگاوە دەکات، کە بە شێوەی توندوتیژ پێیانوایە مافەکانیان بە دەست دێنن و گوتیشی "زۆربەی خەڵکی ئێمە پێیان وایە بەو شێوە توندوتیژییە دەگەن بە مافەکانیان، بە داخەوە کە دواتر گیانی خۆیان و خەڵکانی تریش دەخەنە مەترسییەوە، یا دەکوژرێن یا بریندار دەبن".
رێگەگرتنیش بەشێکی تری هەندێ خۆپیشاندەرە و (کەمال سەعید)ی تووشی دۆخێکی ناخۆش کردووە، وەکخۆی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "چەند ساڵێ بەر لە ئێستا، لە یەکێ لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر لەبەر نەبوونی ئاو رێگای سەرەکییان گرتبوو، منیش نەخۆشم پێ بوو، زیاتر لە نیو سەعات رێیان نەداین بڕۆین، چەندی هاوارمان دەکرد نەخۆشمان پێیە، بەڵام ئەو هاووڵاتییانە هەر گوێیشیان نەداینێ"، ئەم هاووڵاتییە پێی وایە نابێت خۆپیشاندان بۆ داخوازییەکان لە حکوومەت لەسەر حیسابی خەڵکی تر بێت و کاردانەوەی خراپی لێ بکەوێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تایبەت، چەندان فەرمانگەی حکوومەت و بارەگای حزبەکان کەوتنە بەر هێرش و پەرلاماری گرووپگەلی بشوێنەخوازەوە کە وەک چاودێران لێکدانەوەی بۆ دەکەن، ئەوان خەڵکانێکن خۆپیشاندانەکانیان بە ئامانجی هێنانەئارای ناسەقامگیری و ڕووخاندنی حکوومەتی کوردستان قۆزتووەتەوە و، قازانجەکەشی دەچێتە گیرفانی ناحەز و داگیرکارانی کوردستانەوە.
خێڵان بەختیار




