مامۆستایانی زانكۆ: سندووقی دەنگدان دەبێتە شوێنی بڕیاردان.. داواكاری بەم ڕەفتارانە بەدەست نایەت

سۆران-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ لە سۆران دەڵێن، هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێ پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە پاراستنی ئارامیی كوردستان بەرپرسیارەتیی هەموو لایەكە. ڕوونیشی دەكەنەوە كە، خۆپێشاندان مافێكی ڕەوایە و بەپێی یاسا ڕێك خراوە، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی دەكرێت، دژی یاسایە و دەبێت لایەنی دەسەڵاتدار بێدەنگ نەبێت.
ماوەی چەند رۆژێكە لە سلێمانی و هەندێك شار و شارۆچكەی سەر بەو پارێزگایە هاووڵاتیان خۆپێشاندان دەكەن، هەندێك لایەنی سیاسییش بۆ مەرامی خۆیان ڕێڕەوی خۆپێشاندانەكانیان گۆڕی بۆ سووتاندنی بارەگا حزبی و حكوومییەكان، كە بەو هۆیەوە بە دەیان بارەگای حزبی و حكوومی سووتێنراون و چەندان هاووڵاتییش كوژران و بریندار بوون و، زیانێكی زۆری ماددییش بەو شارانە كەوتووە كە خۆپێشاندانیان تێدا كراوە.
(د. ڕەزا عەلی)، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ داوای دانوستاندن و گفتوگۆی لە بەغدا كرد، بەڵام بەداخەوە بەغدا غروورە و گوێ بە هیچ كەس و لایەنێك نادات، ئەمە لە كاتێكدایە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان پێشوازییان لە دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و داوایان كردووە بەغدا بە گفتوگۆ و دانوستان كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارە بكات".
(عەلی) گوتیشی، "ئەو كێشانەی ئێستا هەن بە شەڕ چارە ناكرێن، هەر شەڕێكی دیكەیش روو بدات كێشەكان قوڵتر و گەورەتر دەكات، ئەمە جگە لەوەی ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتن كەمتر دەبێت و گرفتەكان زیاتر پەرە دەستێنن.
ههرپێوهست بهو پرسه (د. بورهان ئەحمەد) مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهڵێ، "هەموو لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەدان خەڵك بە هێمنانە داوای مافی خۆی بكات، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەندێك ناوچەی سلێمانی دەگوزەرێ، داواكاریی خەڵك نییە بۆ مافی خۆیان، بەڵكوو دەستی هەندێك حزب و دەرەكی لە پشتە بۆ تێكدانی ڕەوشی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان، پاشانیش بوون بە دووئیدارەیی".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەیشی خستە ڕوو، "لە دوو رۆژی رابردوودا بە دەیان بارەگای حزبی و حكوومی سووتێراون، چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوونە، داواكاری و ماف بەم ڕەفتارانە بەدەست نایەت، هاووڵاتیان و لایەنەكان ئەگەر ڕاست دەكەن و داوای مافی خۆیان دەكەن، ئەوە حكوومەتی هەرێم نامەی بۆ پەرلەمان ناردووە كە لەگەڵ كۆمیسیۆن رۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن، لەو كاتەدا سندووقی دەنگدان دەبێتە شوێنی بڕیاردان و ئەو كات لایەنەكان بەپێی ئەو دەنگدانەی بە دەست دەهێنن، كورسیی پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەر دەكەن، تا ئەو كاتە دەبێت هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پاڵپشتی لە حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە پاراستنی ئارامیی كوردستان بەرپرسیارەتیی هەموو لایەكە".
(د. ڕێبوار حەمەدەمین) كە ئەویش مامۆستای زانكۆیە لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "خۆپێشاندان مافێكی شەرعی و ڕەوایە، بەڵام بەپێی یاسا و ڕێساكان كە یاسای بۆ دەرچووە لە پەرلەمانی كوردستان، نەك تۆ بە كەیفی خۆت بێیە سەر شەقام و مۆڵەت وەرنەگری و تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنی، ئەوە هەموو دەچێتە دژبەرایەتیی یاسا و دەبێت لایەنی حوكمدار بە ڕاستی بێدەنگ نەبێت لەوەی كە لەو دوو سێ رۆژەدا هەرچی خراپە كراوە، ئەگەر وا بڕوات ئەوە سلێمانی بەرەو خراپبوون دەچێت و ئەوەی بۆ ئەو شارە كراوە هەمووی لەناو دەچێت، كە بە هۆی خۆپێشاندانەوە زیان بە كەرتی كارەبا و ئاو و كەوتووە، لە داهاتوودا زیان بە كەرتی دیكەیش دەكەوێت و بە كەسیش چاك نابێتەوە".
(د. ڕێبوار) ئەوەیشی دركاند، "ئەگەر خۆپێشاندان بكرێت و خەڵك داوای مافی خۆی بكات، دەبێت بە ئارامی بێت، سەروەت و سامانی گشتی پارێزراو بێت، بە ئامانجگرتنی بارەگاكانی پارتی شتێكی نەخوازراوە و دەیانەوێت كوردستان دابەش بكەن و دووبارە دووئیدارەیی دروست ببێتەوە و شەڕی ناوخۆ سەر هەڵ بداتەوە، كە ئەوە هەموو ئەجێندای دوژمنانی كوردە، كۆمەڵێك خەڵك بووەتە كەرەستەی جێبەجێكردنی ئەو پیلانانە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن".
ڕابین شێروانی




