"ئەوانەی منداڵان بەكار دەهێن.. یاسا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت بە سزادانیان"

سلێمانی-KDP.info- لە خۆپێشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕانیە، ئەو گرووپ و تاقمانەی خۆپێشاندانیان رێك خستووە و پشێوییان ناوەتەوە، مێرمنداڵان بەكار دەهێنن، كە لە یاسای نێودەوڵەتی و عێراق و كوردستانیشدا دژی مافەكانی منداڵانە.
ئەو خۆپێشاندەرانەی كە لە خۆپێشاندانەكاندا بریندار دەبن، بەشێكی زۆریان تەمەنیان خوار 18 ساڵییە كە وەك یاساناسان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی دەڵێن، لە ڕووی یاساییەوە ئەو كەسانە تاوانبارن كە منداڵ بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێنن.
(ئیسماعیل حەمەخان) توێژەری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "كاتێك سیاسییەكان وەك ئامرازێك مێرمنداڵان بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێنن، ئەو كاتە كارەسات ڕوو دەدات چونكە ئەو منداڵە لە دواڕۆژدا كەسایەتییەكی شەڕانگێزی لێ دەردەچێت، هەروەها تەمەنی نەگەییشتووەتە ئەوەی بزانێت بۆچی هاتووەتە سەر شەقام و تەنها ئەوەیە لە بارەگایەكەوە هانیان داوە بێتە سەر جادە و گوێ لە هیچ نەگرێت جگە لەو هوتافانە نەبێت كە ئەوان بۆی دادەنێن."
(حەمەخان) گوتیشی، "ئەگەر ئەو جۆرە پەروەردەكردنەی منداڵ بەردەوام بێت، بۆ ئاییندەی هەرێمی كوردستان زۆر خراپ دەبێت كە نەوەیەكی شەڕانگێز بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە داوا لە دایك و باوكی مێرمنداڵان دەكەم ڕێگە نەدەن سیاسییەكان بۆ مەرامی خۆیان منداڵەكانیان بەكار بهێنن".
بەپێی دەستووری عێراق و یاساكانی هەرێمی كوردستان، هیچ گرووپ و تاقمێك بۆی نییە منداڵ بۆ مەرامی سیاسی و چەكداری بەكار بهێنێت و، هەر كەس و لایەنێك منداڵ بەكار بهێنێت، سزا دەدرێت.
هەر پێوەست بەم پرسە، (كارزان سەلام)ـی یاساناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "خۆپێشاندان مافی هەموو هاووڵاتی و دەستە و سەندیكا و حزبێكە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە لە خۆپێشاندانەكانی سنووری سلێمانی دەیبینین، بەكارهێنانی منداڵە بۆ مەرامی سیاسی كە بەپێی یاساكانی عێراق ئەم چۆرە خۆپێشاندانانە تاوانن كە منداڵیان تێدا بەكار دەهێندرێت."
ئەو یاساناسە گوتیشی، "ئەوەندەی چاودێریی خۆپێشاندانەكان دەكەم، ڕێژەیەكی زۆر كەم ئەو كەسانەی دەڕۆنە خۆپێشاندانەكان تەمەنیان گەییشتووەتە 18 ساڵ و، زۆرینەیان خوار تەمەنی یاسایین، بۆیە دەبینین ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە لە خۆپێشاندانەكاندا، منداڵ بەكار دەهێنن، كە دەبینین چۆن ئەو منداڵانە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان و سووتاندنی بارەگا حزبی و حكومییەكان دەبنەوە، لەم جۆرە حاڵەتانەدا یاسا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت بە سزادانی ئەوانەی منداڵان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەكار دەهێن."
هێڤیار هەڵەبجەیی




