٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هێزە عێراقییەکان نیازی هێرشکردنیان هەیە و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، ھێزە عێراقییەکان نیازی ئەوەیان ھەیە ھێرش بکەنە سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزێکی زۆریشیان کۆ کردووەتەوە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە ھەموو شێوەیەک لەئامادەباشیدایە و ڕووبەڕووی ھەر ھێرشێک دەبنەوە، کە لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بکرێتە سەریان.

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت)، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاستە کە ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی ھێزێکی زۆری لە سنووری مەخموور کۆ کردووەتەوە و نیازی ئەوەیان ھەیە کە ھێرش بکەنە سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگەش بە ھەموو شێوەیەک ئامادەکاریی خۆی کردووە بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو.''

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: ''ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا نییە و ھێزی پێشمەرگەش ئامادەیە گەر ھێرشیان بکرێتە سەر بەرگری بکات و شەڕی ئەوان دەکات و ڕێگەش نادات پێشڕەوی بکەن.''

(حیکمەت) ڕوونیشی کردەوە: ئەوانە دەیانەوێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ هێڵی سەردەمی پێشووی نێوان هەرێم و بەعس، کە بە هێڵی ٣٦ ناسراوە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار