چوار كوردی دیكەی ئێزدی رزگار كران

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە دهۆك دەڵێ، چوار كوردی دیكەی ئێزدی كە لە دەستی تیرۆریستاندا بوون، ئازاد كران.
(حوسێن قایدی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "یەكێك لە ئامانجەكانی كردنەوەی نووسینگەكەمان، رزگاركردنی ئەو ئێزدیانەیە كە لە دەستی تیرۆریستانی داعشدان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەیش لە میانەی هەوڵە بەردەوامەكانماندا، توانیمان چوار كەسی دیكە لە كوردانی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكەین، كە پێك هاتوون لە دوو كچ و 2 منداڵ".
وەك (قایدی) ئاماژەی بۆ كرد، ئەو چوار كەسە خەڵكی گوندی سیبا، شێخدر، تەلقەسەب، سۆلاغ و كۆچۆی سەر بە شارۆچكەی شنگالن و، سێ ساڵ و نیو بوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنرابوون.
تا ئێستا 3 هەزار و 230 كەس لە رفێنراوانی كوردانی ئێزدی، لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، هاوكات ژمارەیەكی زۆرتریش بێسەروشوێنن و نازاندرێت ماون یاخود تیرۆریستان شەهیدیان كردوون، نووسینگەی رفێندراوانی دەستی تیرۆریستانیش، كە لەسەر بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، كار بۆ دۆزینەوە و رزگاركردنیان دەكات.
نەشوان بەرزنجی




