نێروەیی: بهغدا بەرانبەر هەرێم وەك پێشوو نەماوە.. بەرواری: لە دەرەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی هەرێمه

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوهندی یەكێتی، چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكان بە یەكڕیزیی نێوان گشت لایەنە سیاسییەكانەوە دەبەستێتەوە، پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی هەرێمیش دەڵێ، لە كۆمەڵگەی زیندوودا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، گشت لایەنەكان پێكەوە كار دەكەن.
خۆپێشاندان چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە كە چەندین فەرمانگەی حكوومی و بارەگای حیزبی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندراون و چەند كەسێكیش كوژراون و دەیان برینداریش هەن، (لەتیف نێروەیی) یەكخستنی ناوماڵی كورد و دانانی میكانیزمێكی سەردەمیانە لە لایەن حزبەكانەوە بۆ چارەكردنی ریشەیی كێشەكان بە پێویستیی هەنووكەیی دەزانێت، لە بەرانبەریشدا (عەبدولسەلام بەرواری) باوەڕی وایە لە كۆمەڵگەی زیندوودا، هەر بارودۆخێكی ناهەموار روو بدات، پێكەوە كار بۆ دەرچوونیان لەو قەیرانە دەكەن، پێیشی وایە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، نەتواندراوە ئەوە بكرێت، هۆكارەكەیشی بۆ بوونی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە، كە نەیانتوانیوە دەنگی پێویستی خەڵك بێنن و بگەنە دەسەڵات، هاوكات دەستتێكەڵكردنیان لەگەڵ هەندێ وڵاتانی نەیار و جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان لە هەرێم.
(لەتیف نێروەیی) لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "بە چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێكی زۆری كێشەكانی ناوخۆی هەرێمیش چارە دەبن". (عەبدولسەلام بەرواری) پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "تا ئێستا بەغدا بە كردار ئامادەی گفتوگۆكردن لەگەڵ هەرێمدا نییە".
سەرباری هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و ئەو گوشارانەی لەسەر (عەبادی) بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێم و ناوەند هەن، هاوكات هەنگاونانی هەرێم بە رووی ناوەنددا و بە پێچەوانەوە بەدەمەوەنەهاتنی ناوەند، تا ئێستا بارودۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، (نێروەیی) هێما بۆ ئەوە دەكات، كە ئێستا ناوەند خۆی بە بەهێز دەبینێت و ئەو یاریكردنەی ناوەندیش بە كات، بۆ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەگێڕێتەوە و دەشڵێت، "ئەوان پێیان وایە بەو یاریكردنە بە كات، هێنانی دەنگی زۆرتر و راكێشانی رای شەقامە بۆ خۆیان، بە پێچەوانەیشەوە لە بەغدایش هەندێ لایەن هەن دەیانەوێت بە گفتوگۆ كێشەكان چارە بكرێن".
بەڵام (بەرواری) بێئومێدیی خۆی لە رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند ناشارێتەوە و هێما بۆ ئەو پیلانە هەرێمییە دەكات، كە لە بەغدا گەورەترە و ئەوان بەغدا دەجووڵێنن دژ بە هەرێمی كوردستان، گوتیشی: "بەغدا تەنیا ملكەچی ئەو پیلانانەیە دژ بە هەرێم، وەك ئەوەی لە ١٦ـی ئۆكتۆبەردا رووی دا و ئەوەی ئێستایش هەندێ ناوچەی هەرێمی گرتووەتەوە و خەڵكانێك پەلاماری دامودەزگا حكوومی و حزبییەكان دەدەن و دەیسووتێنن، تا ئێستایش هیچ سیاسییەكی عێراق نەیتوانیوە هەنگاو بۆ گفتوگۆ بنێت، ئەوەیش دەرخەری ئەو راستییەیە، كە لە پشتەوەی ناوەند دەستێكی دیكە هەیە".
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، گوتەبێژەكەی ئهنجوومهنی ناوهندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە بەرهەمدار وێنای دەكات، نموونەیشی بە گوتارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (عەبادی) هێنایەوە، كە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی هێنا، گوتیشی: "هەوڵە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوونە، ئەو وڵاتانەیش رایانگەیاندووە، كە هەرێمێكی بەهێزیان لە چوارچێوەی عێراقدا دەوێت، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە، كە هەرێمی كوردستان لە رووی دیپلۆماسییەوە كاریگەریی ئەرێنیی هەبووە، گەرچی كەمیش بێت، بەڵام ناوەند وەك پێشوو ئەو تووندییەی بەرانبەر هەرێم نەماوە كە پێشتر هەیبوو، گوتارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش ئەوەی روون كردەوە".
وەلێ (بەرواری) بۆچوونی جیاوازی هەیە و پێی وایە كە، ئەمە لە نییەتپاكیی (عەبادی)ـیەوە نییە، دەبێت لە كەناڵی ترەوە نەرمی بنوێنێت، نەك راگەیاندن، دەشڵێت، "ئەو نەرمییەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە هۆی بوونی ئەو گوشارانەن لە دەرەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی هەرێم لە دەرەوە دەكرێنە سەری، چونكە هەریەكە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی تریش سوپاسی ئامادەبوونی هەرێمیان بۆ گفتوگۆ كردووە و، داوایشیان لە بەغدا كردووە، هەنگاو بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور بۆ پێدانی مافەكانی هەرێمی كوردستان بدات، ئەم دۆخەیشی بەو شێوەیە لێ قبوڵ ناكرێت".
خێڵان بەختیار




