٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: دەبێ دەستی دەرەكی ببڕدرێ.. خۆپێشاندانەكان ڕێكخراو بوون

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info-  لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، خۆپێشاندان بە ناوی نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییەوە دەستی پێ كرد، وەك چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دەستی حزبی ناوخۆ و دەرەكی لە پشت خۆپێشاندانەكانە و، بۆ جێبەجێكردنی مەرامی تایبەتی كەسانێك قۆزراوەتەوە.

(سۆران سێوكانی) باوەڕی وایە، ئەوەی لە  سێ ڕۆژی ڕابردوودا ڕووی دا، هیچ سیمایەكی مەدەنی بە خۆپێشاندانەكانەوە دیار نەبوو و دەڵێ، "ڕاستە خەڵكی گوزەران و ژیانی خراپە، بەڵام هەمو وێنەكان پێمان دەڵێن، ئەم خۆپێشاندانە بۆ باشكردنی ژیانی هاووڵاتیان نییە و شتی دیكەی لە پشتە كە، بە ڕای من دەستی دەرەكی بە هاوكاریی لایەنی ناوخۆ بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانی خۆیان ئەو كارە دەكەن و ئەم دۆخەیان خوڵقاندووە‌‌."
لەو خۆپیشاندانانەدا کە بە ئاقاری پشوێنەخوازی و ڕماندنی پایەکانی حوکمڕانیی کوردستان برا، لێکدانەوەی جیای بۆ کرا، بەڵام زۆرێک لە چاودێران کۆکن لەوەی، ئامانج لێی لەبەینبردنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستانە. (سۆران سێوكانی)ـی چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی جەخت دەکاتەوە لەوەی، "خۆپێشاندانەكان بە شێوەیەكی ڕێكخراو كراون و دەستی ناوخۆ و دەرەكییان تێدایە بۆ تێكدانی ڕەوشی هەرێمی كوردستان".

وێرای ئەوەی بە پێویستی دەزانێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زوویی چارەی گرفتی هاووڵاتیان بكات، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (مەشخەڵ كەوڵۆسی) هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی پێشتر و دەڵێ، "دەبێ حکوومەت ئەو دەستە دەرەكییە ببڕێت كە دەیەوێت لە ئاوی ڵێڵدا مەلە بكات، چونكە وەك دەبیندرێت لە ئێستادا دەستێك و حزبی ناوخۆیی خۆیان خزاندووەتە ناو داوای خەڵكییەوە و دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان لەو رێگایەوە جێبەجێ بكەن."

دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و بارەگای حزبەکان کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەگەلی دیکە، کەوتنە بەر هێرشی ئاژاوەگێرانەوە، زیانی ئابووریی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ئابووریناسێک دەڵێ، ئەو خۆپێشاندانانەی سنووری سلێمانی و ناوچەكانی تر دەیان ملیۆن دۆلار زیانی بە بارەگا حزبی و حكوومی بازاڕی هاووڵاتیان گەیاندووە، كە تاوەكوو ئێستا چەندین بارەگای حزبی و حكوومی سووتێندراون و تاڵان كراون، كە ئەمەیش زیانی زۆری بۆ ئابووریی سلێمانی هەیە.
(نەوزاد شێخ كەمال) سەرۆكی ‌لقی ئابووریناسانی سلێمانییە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، "بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی ئێمە بۆ زیانەكانی خۆپێشاندانی دوو ڕۆژی ڕابردوو كردوومانە، دەیان ملیۆن دۆلار زیان بەر بینا و باڵاخانەكان و موڵكی گشتی كەتووە لەو ناوچانەی كە خۆپێشاندانیان تێدا كراوە."
(شێخ كەمال) هێمای بۆ ئەوەیش كرد، "لەو ناوچانەی خۆپێشاندانیان تێدا كراوە باڵاخانەی حكوومی سووتێنراون كە مڵكی گشتین و دواجار زیان بەر هاووڵاتیان كەوتووە، بەوەی تا 6 مانگی داهاتوویش ناتواندرێت ئەو بارەگا حكوومیانە نۆژەن و دروست بكرێنەوە كە خزمەتیان بە هاووڵاتیی ناوچەكانی خۆیان دەكرد، لەگەڵ ئەوەیشدا زیان بەر بازرگانان و كاسبكارانی ناو بازاڕ و تەواوی خەڵك كەوتووە، بۆیە ئەم خۆپێشاندانانە زیانی زۆری بۆ پارێزگای سلێمانی هەیە و هەرگیز بەو شێوەیە داوای ماف ناكرێت كە ئێستا هەیە."
لای خۆیەوە (سەلام كەریم) ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ خۆپێشاندانی هێمنانە و داواكردنی حەقی هاووڵاتیانین، نەك ئەو خۆپێشاندانەی ئێستا هەیە كە خزمەت بە هیچ لایەك ناكات و، زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیێنێت."
بە ڕای ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی ئیسلامی، "كەسانێك خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپێشاندەران و ئەو داوایەی پێشتر كە بانگەشەی بۆ دەكرا و خۆی لە خزمەتگوزاری و مووچەدا دەبینییەوە، ئێستا بۆ شتی دیكەسەری كێشاوە و بە ڕای ئێمەیش ئەم سووتاندن و تێكدانی ڕەوشەی شارەكان دەستی لە پشتە، بۆیە هەرگیز داواكاری و ماف بەم ڕەفتارانە بەدەست نایەن."
لە ڕوداوە كانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، جگە لە زیانی ماددی كە بەر بارەگا حكوومی و حزبی و بازاڕی هاووڵاتیان كەوتووە، 5 كەس لە خۆپێشاندەران كوژراون و سەدان كەس لە هێزە ئەمنییەكان و خۆپێشاندەرانیش بریندار بوون.

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار