كاكه‌مین نه‌جار: عیلاج ئه‌وه‌یه حزبه‌كان فێڵ له یه‌كتر نه‌كه‌ن و واز له ده‌ستی ده‌ره‌كی بێنن

هه‌ولێر-KDP.info- (كاكه‌مین نه‌جار) به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ولێر، پێی وایه ده‌ستی ده‌ره‌كی له خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌دایه و "به‌داخه‌وه خه‌ڵكانێك بوونه‌ته دارده‌ستی عێراق و ده‌یانه‌وێ بمانكه‌نه كۆیله‌ی به‌غدا". ئه‌و كه هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌یه‌تی له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژه به رێگه‌چاره‌ی دۆخی ئێستا ده‌كات و ده‌ڵێ، "عیلاج ئه‌وه‌یه حزبه‌كان فێڵ له یه‌كتر نه‌كه‌ن و واز له ده‌ستی ده‌ره‌كی بێنن."
بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه چییه؟
خۆپێشاندانه‌كان سیاسین و خۆرسك نین، ده‌ستی ده‌ره‌كییان تێدایه و به به‌رنامه كاری بۆ ده‌كرێت. خۆپێشاندانه‌كان ئه‌گه‌ر بۆ گۆڕینی حكوومه‌ته، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاندووه كه تا سێ مانگی دیكه هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت.
به پێچه‌وانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی پێشتووتر كه ته‌نیا باره‌گانی حزبی ده‌سووستێندران، ئه‌مجاره باره‌گای فه‌رمانگه حكوومییه‌كانیش سووتێندراون، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌مه چییه؟
ده‌ستێكی ده‌ره‌كییه و ده‌یانه‌وێ ئیداره‌ی كوردستان و دۆخی ناوخۆییمان تێكبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمانكه‌نه‌وه كۆیله و ژێرده‌ستی به‌غدا.
بڕیاره له ئاستی باڵا حزبه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه كۆ ببنه‌وه؟
بێبه‌ختییه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه كه ناوماڵی كوردی یه‌ك نییه، خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌كگرتوو بین كه‌س ناتوانێ ده‌ستتێوه‌ردان بكات و به‌كارمان بێنێت. ئه‌گه‌ر یه‌كده‌نگ و یه‌كڕه‌نگ باین ریفراندۆم سه‌ركه‌وتوو ده‌بوو و كه‌ركووكیش داگیر نه‌ده‌كرا.
كه‌واته هیچ كۆبوونه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه ناكه‌ن؟
كۆبوونه‌وه ته‌نیا قسه كردنه، بۆیه هیچ بڕیارێك نادرێت.
ئێوه وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رنامه‌تان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه چییه؟
ئێمه ریفراندۆممان كرد و ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی زۆر یاسایی و ئاساییه له دنیادا و نزیك به 93%ی به‌شداربووان ده‌نگیان به‌ڵێ بوو. هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه پارتی نین و خه‌ڵكی كوردستانن كه داوای ئازادی و سه‌ربه‌خۆییان كردووه. ریفراندۆم بڕیاری هاوبه‌شی هه‌موو حزبه‌كان بوو. هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی به یه‌كه‌وه بڕیار و ده‌نگمان دا، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رگریمان كردبوایه، هه‌موو شتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بوو. به‌داخه‌وه ده‌رزمان تێكه‌وتوو و خیانه‌تمان لێ كرا.
ئێستا چاره چییه؟
عیلاج ئه‌وه‌یه حزبه كوردییه‌كان فێڵ له یه‌كتر نه‌كه‌ن و واز له ده‌ستی ده‌ره‌كی بێنن و ناوماڵمان رێك بخه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ له ناو حكوومه‌تدا گۆڕانكاری بكه‌ن، ده‌بێ له رێگه‌ی یاسا و پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی بێت، خۆ سه‌رده‌می به‌عس نه‌ماوه راپه‌ڕین بكه‌ن. له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌توانین حكوومه‌تێكی نوێ دابمه‌زرێنین و كه‌موكوڕییه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
تا چه‌ند ده‌ستی حكوومه‌تی به‌غدا له ناو ئه‌و رووداوانه‌دایه؟
بێگومان ده‌ستی به‌غدای تێدایه. به‌غدا ئاماده نییه دانوستان بكات و بوودجه بنێرێ و سیاسه‌تی ئێستای ئه‌وه‌یه كوردستان برسی بكات. پێیان وایه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك برسی بێت، دژ به حكوومه‌ت راده‌په‌ڕێت. خه‌ڵك ده‌بێ ئه‌وه بزانێت كه به‌غدایه بوودجه‌ی كوردستان نادات. به‌داخه‌وه خه‌ڵكانێك بوونه‌ته دارده‌ستی به‌غدا و وڵاتانی دیكه.
كه‌وایه پرسی گفتوگۆی نێوان حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر هیچ قۆناغێكی نوێ نه‌بڕیوه، وایه؟
نه‌خێر تا ئێستا هیچ نه‌كراوه.
ماوه‌یه‌كه (سه‌رۆك بازرانی) له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ كادیرانی لقه‌كانی كۆ ده‌بێته‌وه، مه‌به‌ست چییه؟ ئایا پارتی به نیازی گۆڕانكاریی ناوخۆییه؟
(سه‌رۆك) هه‌ندێ رێنمایی به كادیرانی ده‌دات كه چۆن كار بكه‌ن و روونكردنه‌وه له‌باره‌ی دۆخی گشتییه‌وه ده‌دات.
پێتان وایه سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران (نێچیرڤان بارزانی) بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی بۆ هه‌رێمی كوردستان لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟
ئه‌و سه‌ردانانه زۆر باشن به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و پێشوزایكردنی شاندی كوردی له‌لایه‌ن كه‌سانی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌وه. ئه‌و سه‌ردانانه وه‌ڵامێكه بۆ به‌غدا كه هه‌رێمی كوردستان پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و ناتوانن چی‌یان بیه‌وێ له‌گه‌ڵمانی بكه‌ن.
چۆنه سه‌ره‌ڕای داوای وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بۆ گفتوگۆی نێوان حكوومه‌ته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، (حه‌یده‌ر عه‌بادی) تا ئێستا ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕیوه؟
(عه‌بادی) مه‌غرووه و راستییه‌كه‌ی، ئه‌مه سووچی ئێمه‌یه. ئه‌گه‌ر ناو ماڵی كورد یه‌ك بێت، هیچ كاتێك ده‌ستی (عه‌بادی) نایه‌ته ناو كوردستان، به‌ڵام سوودی له درزی نێوان ئێمه كردووه. (عه‌بادی) به وردی بیری له هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌ته‌وه و ده‌بێ باش بزانێ كوردستان چۆن خۆی راده‌ستی به‌عس و حكوومه‌ته‌كانی دیكه نه‌كرد، ئێستایش ته‌سلیمی ئه‌و نابێت. ئێمه حه‌زمان له شه‌ڕ نییه و له‌گه‌ڵ سازشداین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمان نه‌سازێن و شه‌ڕ بێت، به‌خودای بشمرین، ته‌سلیم نابین.
ئێوه پێوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌دا هه‌یه، هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رانبه‌ر به (حه‌یده‌ر عه‌بادی) چۆنه؟
عه‌ره‌بی سوننه‌یان نه‌هێشت، شاره‌كانیان وێران كردن و هه‌مووی ئاواره بوون. ئه‌وان سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌هێزیان نییه كه هه‌ڵوێستی جیددی هه‌بێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی سوننه به‌رانبه‌ر به كورد باشه، به‌ڵام هێزیان نییه.
كاوه جه‌م




