مامۆستایانی زانکۆ: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هیوای زۆریان بە هەرێمی کوردستان هەیە
__2017_12_19_h17m32s20__HK.jpg)
سۆران-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەڵمانیا بۆ پێشوازیكردن لە شاندی باڵای هەرێمی كوردستان و سازدانی پرێسكۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای ئەڵمانیا دادەنێت، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، كە ئەو وڵاتە گرینگییەكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات.
دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە 25ی ئەیلوول و كودەتاكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەڵمانیا بە دووەم وڵات دێت لە دوای فەرەنسا، كە بەم شێوەیە ڕێز لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و پێشوازییەکی باڵای لە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان کرد.
ئەڵمانیا کە ئەندامیی یەکێتیی ئەورووپایە و لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری سەربازیی و ئابوورییە لە جیهاندا، لە شەڕی دژ بە تیرۆردا پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەو کرد. دوێنێش لە کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و لیژنەی بەرگریی و دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، دووپاتیان لەوەکردەوە کە ئەوان زیاتر پشتویانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
(د. وەهاب محەمەد)، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هەرێمی كوردستان لەرووی دیبلۆماسییەوە گەمارۆ درابوو، بەڵام سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ فەرەنسا و ئەمڕۆش بۆ ئەڵمانیا، ئەوەمان پێ دەڵێ، كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیوای گەورەی لەسەر كوردستان بنیات ناوە، هێشتا هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی وڵاتانی دنیایە، كە بە بەهێزی بمێنێتەوە، بۆیە ئەوە بۆخۆی شكاندنی ئەو گەماڕۆ دیپلۆماسییە بوو.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: ''ئەڵمانیا دەورێكی باڵای هەبووە لە چارەكردنی كێشەكان و هاوسەنگیی لە ناوچەكەدا ڕاگرتووە، ئێستاش لەهەوڵدایە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێی دەستوور جێبەجێ بكرێن، بۆیە سەردانی شاندی حكوومەت بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا دەرفەتێكی باش دەبێت كە هەولێر و بەغدا لەسەر كێشەكان بگەنە ڕێككەتن، لەگەڵ ئەوەی پەیامێكە بۆ بەغدا، كە كوردستان بە تەنیا نییە و وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە تەماشای قەوارەی سیاسیی كوردستان دەكەن.
(د. ڕەسووڵ شەهاب)، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەڵمانیا پێشوازی لێكردنی لە لایەن وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەو وڵاتە و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی دیكەش، سەرەتایەكە وەكو جاران كوردستان ببێتەوە جووڵەی دیپلۆماسی و شوێنی سەركردەكانی جیهان، پێشوازییەكە هەموو مەرجێكی پڕۆتۆكۆڵیی تێدا بوو، دواتر دانانی ئاڵای كوردستان سەرەتایەكە بۆ شكاندنی ئەو گەماڕۆیەی كە لەسەر كوردستان هەیە، كە وەكو جاران سەركردەكانی وڵاتانی جیهان سەردانی كوردستان بكەن و سەركردایەتیی كوردستانیش سەردانی وڵاتان بكات".
ڕابین شێروانی




