جەخت لە پتەوکردنی پێوەندیی نێوان پارتی و حزبی تەجەموعی میسر کرایەوە

قاهیرە-KDP.info- سەرۆکی حزبی تەجەموعی میسری، (سەید عەبدەلعال)، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە میسر، ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە دیدارەکەدا (سەید عەبدەلعال) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا زیاتر بایەخیان پێ بدرێت و بەرەوپێش بچێت و ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک، چ لەسەر ئاستی حزبی، یان پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ پەرلەمان میسری، لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی گەلی کورد لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.
نوێنەری پارتی لە میسر، وێرای سوپاس بۆ (عەبدەلعال) بە هۆی ئەم پێشوازییە گەرمەوە، سڵاوی سەرکردایەتیی پارتیی پێ گەیاند و باسی لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و گرفتەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە باشترین چارە هەڵبژاردنە و پابەندی بڕیارەکانی میللەت بین، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم ئاماژەی بە سووربوونی هەرێم کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بە دیالۆگ و پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە دوور لە گرژی، کە ئەمەش بۆ چوونی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بووە لە دوای ڕزگارکردن لە ساڵی ٢٠٠٣ و جەنابی (سەرۆک بارزانی) سەرجەم هەوڵەکانی لەو پێناوە بووە، بەڵام پابەندنەبوونی هەندێ لایەن بە دەستوور و بەرژەوەندە گشتییەکانی عێراقەوە بارودۆخەکەی شڵەژاند و چەندین لایەنی عێراقی فەرامۆش کران و ئەمش بوو بە هۆکاری گشتپرسی لە کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا کە بەڕێز (عاتف مغاوری)، جێگری سەرۆکی حزبی تەجەموع ئامادەی بوو، باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی میسر کرا، شایانی باسە (سەید عەبدەلعال)، سەرۆکی حزبی تەجەموع، ئەندامی پەرلەمانی میسرە.




