٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: ئێران و عەبادی دەیانەوێت شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە نەمێنێت

سەرچاوە: KDP.info


سلێمانی -KDP.info-  (ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان خۆپیشاندانەکان بە پیلان و بە دەستی (عەبادی) و ئێرانی ناودەبات و دەڵێ: "ئەوان دەیانەوێت شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵگیرسێنن و شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە نەمێنێت."

(ئازاد تۆفیق) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند: "ئەوەی لە خۆپیشاندانی ئێرە ڕوو دەدات لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و مۆدێرندا قابیلی قبووڵ نییە، چونکە خۆپیشاندان بۆ داواکاریی ماف رێوشوێنی یاساییی خۆی هەیە، کاری تێکدەرانە و پەلاماری بنکە و بارەگا حزبی و فەرمانگە حکوومییەکان ناچێتە خانەی خۆپیشاندانەوە، لەبەر ئەوەش دەبێت ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بکرێت".

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەندین فەرمانگەی حکوومی و بارەگا حیزبییەکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە پەلامار دراون و سوتێندراون، ئەو ئەندامەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی پێیوایە، "دەرەنجامی داواکاریی مووچەخۆران نییە بۆ مافەکانیان، بەڵکو ئەوانەی پەلاماری شوێنە حکوومی و حیزبییەکانیان داوە، خوار تەمەنی ١٨ ساڵن و مووچەخۆر نین، بەڵکو کۆمەڵێ مناڵەورتکەن و دیارە لە شوێنێکەوە دەجووڵێندرێن و دەبێت دەزگا ئەمنییەکان ئەو دەستە بدۆزنەوە."

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی باوەڕیان وایە، ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی یەکێتی بە تایبەت لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە زەقتر بووەتەوە و لەم دووڕۆژەی خۆپیشاندانیشدا ڕوونتر دەرکەوتووە بەوەی، (لاهور شێخ جەنگی) کە بە پەیامێک پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند، کەواتە دەبێ گرووپێک لە یەکێتی، هاوتای گرووپگەلی دیکەی لایەنی سیاسی لە پشت پشێوییەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجەوە بن.
چاودێران بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدەن، لە هەندێ ناوچە بارەگای یەکێتی دەستووتێندرێن و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەردا بەدی ناکرێ، کەچی لە مەڵبەندێکی وەک کۆیە، بۆ بەرگری لە بارەگاکە تەقە دەکرێ!، بەڵام (ئازاد تۆفیق) ئەوە بەدوور دەزانێت و پێیوایە باسکردنی وەها شتێک خزمەت ناگەیەنێت و دەڵێ: "ئێران و (عەبادی) دەستیان تێیدا هەیە، بۆیە یەکێتی و پارتی دەبێت یەکڕیزیی خۆیان زیاتر بپارێزن، چونکە هەر پشێوییەکی نێوانیان سەرتاسەری هەرێم ئەگرێتەوە."

(ئازاد تۆفیق) لە بارەی ڕۆڵی ئێران و (عەبادی)ـیەوە زیاتر روونکردنەوە دەدات و گوتی: "ئێران دەیەوێت یەکێتی و پارتی شەڕ لە نێوانیاندا درووست ببێت. (عەبادی) دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات و هەرێمی کوردستان هەڵوەشێتەوە و شتێک بە ناوی هەرێمەوە نەمێنێت".

خێڵان بەختیار


 

هەواڵی پەیوەندیدار