ئەكرەم ساڵح: بە ھیچ شێوەیەك تەقەمان بەسەر خۆپێشاندەراندا نەكردووە
__2017_12_19_h14m42s38__ER.jpg)
گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان ڕایگەیاند، خۆپێشاندەران ھەوڵ دەدەن بچنە ناو بارەگای ناوچەی پارتی لە گەرمیان، بەڵام ھێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان كردووە. ڕەتیشی كردەوە كە، كادیرانی پارتی تەقەیان بەسەر خۆپێشاندەراندا كردبێت.
بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، (سەعید پشدەری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ھەوڵ دەدرێت بە ناوی خۆپێشاندانەوە كەسانێك پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە ئامانج و، لێرەیش لە دەوروبەری لقەوە ھێزێكی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێ كراوە و تاوەكو ئێستا ھیچ دەستدرێژییەك نەبووە، بەڵام ھەوڵدان بەردەوامە".
(ئەكرەم ساڵح)، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری ئێمە لە كفری، خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە و ھێزە ئەمنییەكانیش ڕێگرییان لە خۆپێشاندەران كردووە، چونكە بەنیازن بچنە سەر بارەگای ناوچەی پارتی لەو شارە و ھێزە ئەمنییەكانیش تەقەیان بە ئاسماندا كردووە، بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپێشاندەران بكەن".
لەبارەی دەنگۆی تەقەكردنی كادیرانی پارتی لەناو ناوچەوە، (ساڵح) گوتی: "ھەڤاڵانی ئێمە لەناو ناوچەن و پارێزگاری لە بارەگاكانی خۆمان دەكەن، بەڵام بە ھیچ شێوەیەك تەقەیان نەكردووە و، ئەوەی دەگوترێت لە ڕاستییەوە دوورە".
بڵند ئیبراھیم




