فازڵ ڕەووف: لیژنەکانی ئەمنی لە پاراستنی بارەگاکانی پارتی ئاگادار کراونەتەوە.. دەستمان کراوەیە
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢١ـی پارتی دیموکراتی سلێمانی دهڵێ، مەترسی لەسەر بارەگا و کادیرانی پارتی ھەیە لەو سنوورە و کادیرانی پارتی خۆیان کردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی بارەگاکانیان و دەشڵێ، بەشێکی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەستیان لەنێو ئاڵۆزییەکاندا ھەیە.
(فازڵ ڕەووف) به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەنیا بارەگای لیژنەی ناوچەی رزگاری لە ناحیەی پیرەمەگروون سووتاوە و بەرپرسی ناوچەش بریندارە، بەڵام دەستێک ھەیە لە پشت خۆپیشاندانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوەی رەوشی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆز بکەن و پەلاماری بارەگا و ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدرێت لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، ئەمە لە کاتێکدایە لیژنەکانی ئەمنی لە پاراستنی بارەگاکانی پارتی ئاگادارکراونەتەوە."
(فازڵ رەئووف) گوتیشی، "لە ھەموو دەڤەرەکان بۆ پاراستنی بارەگاکانمان ئامادەکاریی تەواومان کردووە و کادیر و ئەندامانی پارتی خۆیان کردووەتە قەڵغان بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک بە ناوی خۆپیشاندانەوە نەتوانێ دەستدرێژی بکاتە سەر بارەگاکانی پارتی، خۆی ئەگەر خۆپیشاندەران خەڵکێکی مەدەنی بن، ئەوا دەتوانین بەو قەڵغانەی دروستمانکردووە بەرگری لە بارەگاکانمان بکەین، بەڵام ئەگەر خەڵکێک وەک ئێمە زانیاریمان ھەیە سەر بکێشێ بۆ توندوتیژی و بیەوێ بارەگاکانی پارتی بسووتێنێ، دەستمان کراوەیە."
بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی ئاشکرایشی دەکات، لەم دۆخە ئاڵۆزەدا ھیچ ھەماھەنگی و پەیوەندییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا نییە بۆ کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە و دەڵێ، "ئێمە لەنێو شاری سلێمانی کە ھەردوو بارەگای لقی ١٢ و لقی ٤ی تێدایە پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی پچڕاوە، بەشێک لە یەکێتی بە تایبەتی ئەوانەی بەشداریی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کردووە و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و (شاسوار عەبدولواحید)ی بازرگان لە پشت خۆپیشاندەرانەوەن بۆ نانەوەی توندوتیژی و ھەڵکوتانە سەر بارەگای حزبی و فەرمانگەکانی حکوومەت."
لەبارەی دەنگۆی ھاتنی ھێزی عێراقی بۆ سلێمانی (فازڵ رەئووف) گوتی، "ھەندێ خەڵک ھەیە داوای کردووە و دەستیان ھەیە لەوەی رەوشەکە ئاڵۆز بکهن بۆ ئەوەی بەھانە بدهنە دەست وڵاتانی نەیاری کوردستان دەست لە کاروباری ھەرێمی کوردستان وەربدهن، ھەر ھێزێک لە کەرکووکەوە بێتە سلێمانی کەس نییە رێگرییان لێ بکات، بەڵێ ئەوە دەگۆترێ (عەبادی) بە ناوی پاراستنی خۆپیشاندانەوە ھێز رەوانەی سلێمانی بکات و ئەوانەشی دەستیان لە پشت خۆپیشاندانەوە ھەیە مەبەستیان ھەر ئەوەیە حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق بێتە سلێمانی."
قائید میرۆ




