ئەمەریکا پشتوانی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، رۆڵی هاوکاری دەبینێت بۆ لێکنزیککردنەوەی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا و هاوکات جەختی کردووەتەوە، پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
(کێن گرۆس) کۆنسووڵی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەو پشتگیرییەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە چەند حزبێکی هەرێمی کوردستان داوای نەمانی حکوومەتی ئێستا و دامەزراندنی حکوومەتێکی کاتی دەکەن.
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی ئەو داوایەی داوەتەوە و راگەیاندووە "حکومەتەکەی ئێستا، خۆی حکوومەتی کاتییە". سەرەتای ئەم هەفتەیەش سەرۆکی حکوومەت نامەیەکی بۆ پەرلەمانی کوردستان نارد و داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی کرد، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان بکەن تا سێ مانگی دیکە.
کۆنسووڵی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە واشنتۆن خوازیاری چارەی ئاشتیانەی کێشەکانە لە رێگەی گفتوگۆ و لە یەکترگەیشتن و جەختی کردووەتەوە هاوئاهەنگ و هاوکار دەبن بۆ لێنزیکبوونەوە و رەخساندنی بواری کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا.
(کێن گرۆس) ئەو قسانەی لە میانەی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ (سەعدی ئەحمەد پیرە) لێپرسراوی مەکتەبی پیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، کردووە.
کاوە جەم




