لە كۆیە و تەقتەق بارەگاكانی پارتی سووتێنران و تاڵان كران.. 7 كادیر و پێشمەرگە بریندار بوون
__2017_12_19_h13m46s43__BA.jpg)
كۆیە-KDP.info- لە كۆیە بارەگای ناوچەی پارتی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێرا و بارەگای ناوچەی تەقتەیش وێران كراوە، هەروەها ئاڵای كوردستان و پارتی هێنراونەتە خوارەوە و 7 پێشمەرگە و كادیری پارتییش بریندار بوونە.
لە شاری سلێمانی و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكە ماوەی دوو رۆژە خۆپێشاندان دەستی پێ كردەوە و لە هەندێك شوێنیش گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دوێنێ شەو راگەیێندراوێكی لەبارەی خۆپێشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، "خۆپێشاندان بە مافێكی رەوای هاونیشتمانیان دەزانین و هەمیشە بەرگری لەو مافە دەكەین، بەڵام بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو كردەوە ناشارستانی و تووندوتیژیانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان دا".
(هیوا ئەحمەد مستەفا) بەرپرسی لقی 24ـی سەفین لە شەقڵاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "بارەگای ناوچەی پارتی لە كۆیە سووتێنراوە و بارەگای ناوچەی تەقتەقیش دەستی بەسەردا گیراوە و تەقەیان لە بارەگای ناوچە كردووە و چوونەتە ژوورەوە، ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتییشیان هێناوەتە خوارەوە و 7 پێشمەرگە و كادیری ئێمە بریندار بوونە".
بەرپرسی لقی 24 روونیشی كردەوە، "هەر خەڵك زیانی بەر دەكەوێت، لە شوێنێكی وەكو كۆیە كە بینای قایمقامییەت سووتێنراوە، باشە كێ ئیدارەی ئەو خەڵكە دەكات؟ بۆیە كەس نازانێت ئەوانە چییان دەوێت و بۆچی وا دەكەن!".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆپیشاندەرانی شارۆچکەی تەقتەق چەکیان پێیە و تەقە دەکەن، ئەو جییەی هێرشی دەکەنە سەر دەسوتێنن و وێرانی دەکەن، لە کاتی ئامادەکاریی ئەم هەواڵەدا، خۆپیشاندەران چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای شارۆچکەکە و تابلۆی سەر بەڕێوەبەرایەتییەکەیان داگرت و وا خەریکن کاولی دەکەن.
ڕابین شێروانی




