حەیدەر عەبادی داوایەکی حکوومەتی ئێران ڕەت دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ئێران چەند ڕۆژێکە ئامادەییی خۆی بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا نەکراونەتەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری نەکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان ئاشکرا دەکات.
(رەحمان فەزڵی) وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە رایگەیاند کە دەروازە سنوورییەکانی پەرویز خان و حاجی ئۆمەران دەکرێنەوە. ئەوە سێ رۆژ بەسەر ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی ئێراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هیچ دەنگوباسێکی لەو جۆرە نییە.
(کاکەمین نەجار) بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی بەغدا هۆکاری سەرەکیی نەکردنەوەی دەروازە سنوورییەکانە.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئێران ئامادەیی بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەربڕیوە، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)ـیەوە رەت کراوەتەوە."
چەند رۆژ دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، ئێران لەسەر داوای (حەیدەر عەبادی) سێ دەرزاوەی سنووریی هاوبەشی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست. ئێستا تەنیا دەروازەی سنووریی باشماخ کراوەیە.
ئەو بڕیارەی حکوومەتی بەغدا، بە هەزاران خەڵکی لە هەر دوو دیوی دەروازە سنوورییەکان بێکار کردووە.
(رەسووڵ خزری) نوێنەری شارەکانی خانێ و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کردووە، تەنیا لە دیوی ئێرانی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران، نزیک بە ٤٠ هەزار کەس بێکار بوونە.
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندووە بە مەبەستی کردنەوەی دەروازەی حاجی ئۆمەران، لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆککۆمار، وەزیری ناوخۆ و کۆمسیۆنی پێوەندیدار لە پەرلەمان کۆ بووەتەوە.
کاوە جەم




