٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و داواکاری گشتی، ھۆشداری دەدەنە دەزگاکانی راگەیاندن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ دووشەممەی ھەندێک ناوچەی ھەرێمی کوردستان چەند کەناڵێکی راگەیاندن "دوور لە یاسا و پیشەی رۆژنامەگەری"، سووتاندنی فەرمانگەکانی حکوومەت و ھێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکانی وەک قارەمانێتی گواستەوە، داواکاری گشتییش هۆشداریی دەدات کە ھەر کەناڵێک پابەندی یاسا نەبێت دەبێت بەرپرسیارەتیی ھەڵگرێت، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش ڕایدەگەیێنێ، کە ھەندێ کەناڵ لە کاتی رووداوەکاندا لایەنگری دەکەن.

(ئازاد حەمەدەمین) نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پیشەییانە رووداوەکان بگوازنەوە و بەپێی یاسا و ئیتیکی رۆژنامەوانی کار بکەن.
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەخت دەکاتەوە،  "دەرچوون لەو چوارچێوەیە کار دەکاتە سەر رووداوەکان و وەک لە پێشوو رووی دا لایەنگریکردنی ھەندێ دەزگای راگەیاندن کاریگەریی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە. بە داخەوە ھەندێ میدیا ھەنە لە ھەرێمی کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکاندا لایەنگری دەکەن و بوونەتە ھۆی دروستکردنی کێشەی زیاتر."

(ئازاد حەمەدەمین) نایشارێتەوە کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھێشتا ھیچ دەزگایەک بۆ چاودێریکردنی میدیا نییە و بەھۆی بۆشاییی یاساییەوە بە تایبەتی چاودێرینەکردنی رادیۆ تەلەڤزیۆنەکان بۆ گواستنەوەی راستەوخۆی رووداوەکان کێشەی زۆری دروست کردووە و گوتی "ھەر کەناڵێک سەرپێچی بکات ئەوا داواکاری گشتی دەتوانێ سکاڵا لەسەریان بجووڵێنێ و تووشی سزای یاسایی دەبنەوە".

داواکاری گشتیی پارێزگای سلێمانی داوایەکی ئاراستەی کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە و ڕایگەیاندووە، کە ناکرێت لە کاتی سووتانی بارەگا و فەرمانگەکانی حکوومەتدا ھاووڵاتیان لە کەناڵەکان دەرکەون و شانازی بە خۆیانەوە بکەن بۆ ئەو کارەی کردوویانە.
لە بەیاننامەکەدا کە دادوەر (بەخیتار عەلی) سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتیی پارێزگای سلێمانی دەریکردووە هەروەها هاتووە "داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین خۆیان دوور بگرن لە زانیاری و ھەواڵ بە ئاراستەی زیانگەیاندن بە فەرمانگەکانی حکوومەت و ھاووڵاتیان، دروستبوونی توندوتیژی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان."

داواکاری گشتیی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "ھاندانی ھاووڵاتیان بۆ توندوتیژی پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە لە ھەرێمی کوردستان و، بەرپرسیاریەتیەکەش دەکەوێتە ئەستۆی دەزگاکانی راگەیاندن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار