٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دژی تووندوتیژی بەیاننامە دەردەکات

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەنجوومەنەکەیان پشتگیریی خۆپیشاندانێک ناکات کە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە و حیزبی سیاسی ھانی بدات وەکو ئەوەی دوێنێ لە ھەندێک شوێن رووی دا.


بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەیاننامەیەک لەبارەی خۆپێشاندان و پشێوییەکانی دوێنێ دووشەممەی سلێمانی و ناوچەکانی سنووری ئەو پارێزگایە بڵاو بکەنەوە.
لە خۆپیشاندانەکاندا ھێرش کرایە سەر بارەگای حزبەکان و بەشێک لە بارەگاکان سوتێندران و زیانیش بە وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ گەیندرا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد کاکەڕەزا) دەڵێ، لە بەیاننامەکەیاندا پشتیوانی لە داواکاریی ڕەوای خەڵک دەکەنەوە پێوەست بە مووچە و خزمەتگوزاری، بەڵام بە شێوەیەکی تەندروست و دوور لە توندوتیژی و ھێرشکردنە سەر بارەگا و فەرمانگەکان و زیانگەیاندن بە مڵکی گشتی.

(زیاد کاکەڕەزا) هاوکات بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەین کە سەلامەتیی خۆپیشاندەران بپارێزن و رێگەش نەدرێت خۆپیشاندان بەلاڕێدا ببرێت و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، چونکە ئێمە دژی توندوتیژین."

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی، "ھەموو فراکسیۆنەکان هاوڕان کە هەڵوێستمان هەبێ. ئاخر دوێنێ توندوتیژی هەبووە و چەند بارەگایەک سوتێندراون، لە نێویاندا بارەگاکانی پارتی و ھێرش کراوەتە سەر وێستگەی کارەبای چەمچەماڵیش و زیانی پێگەیێندراوە."

(دانا جەزا کاتب) ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان پشتگیریی لە ھەموو خۆپیشاندانێکی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی دەکەن، خۆپیشاندانیش بە مافی ھاووڵاتیان دەزانێ، بەڵام بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "خۆپیشاندانێک کە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە و حیزبی سیاسی ھانی بدات و دەستوەردانی تێدا بکرێ، وەکو ئەوەی دوێنێ لە ھەندێک شوێن رووی دا پشتگیری ناکەین."

(دانا جەزا کاتب) دووپاتی کردەوە کە، وا بڕیارە ئەمڕۆ یادداشتێک پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە بکەین و بزانین ئەو رووداوانە چۆن روویان داوە، چونکە بە دووری نابینین کە ھاندەر ھەبووە لەو خۆپیشاندانە، جا لایەن بێت یاخود شەخسی بووبێت."

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار