یەکێتی مامۆستایان: پێویستە مامۆستایان رێگە نەدەن ھەندێک لایەن داواکارییەکانیان بەلاڕێدا بەرن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵی، ئەوەی لە سنووری سلێمانی کراوە، مامۆستایان نەبوون، بەڵکو ھەندێک لایەن ئەوکارەیان بە ناوی مامۆستایان بۆ مەرامی حیزبی خۆیان کردووە، بە پێویستیشی دەزانێت مامۆستایان رێگە نەدەن داواکارییەکانیان بەلاڕێدا ببرێت.
(ئەحمەد گەرمیانی) سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مافی خۆیان بۆ بژێوی ژیانیان دەکەن، کە حکوومەت لێی بەرپرسیارە، پێویستە مامۆستایان رێگەی مەدەنی بگرنە بەر بۆ داواکردنی مافەکانیان، کە زەرەر بە خەڵکی دیکە و گشتی نەگەینێت".
لەمەڕ خۆپیشاندانەکەی دوێنێش (گەرمیانی) گوتی، "ئەوەی دوێنێ کرا، مامۆستا و فەرمانبەر نەیانکردووە، کۆمەڵێک خەڵکی حزبین و بە ئاشکرا ھانی ئەوان دەدەن، بەتایبەت سوتاندنی بارەگاکان لە دوای کۆبوونەوەی دوو حیزب بووە لەو ناوچەیە، پێشتریش مامۆستایان خۆپیشاندانیان کردووە و پەلاماری ھیچ بارەگا و شوێنێکیان نەداوە و قسەی ناشرینیشیان نەکردووە، ئەوکارانەی دوێنێ ھەندێک کەس تەمەنیان لە ١٨ساڵ کەمتر بوو کردیان، دەیانەوێت مەرامی حیزبی خۆیان بە ناوی مامۆستا و فەرمانبەر جێبەجێ بکەن" .
ئەو بە پێویستی دەزانێت مامۆستایان بزانن ئەو جۆرە کارانە بۆ بە لاڕێدابردنی داواکاری مامۆستایانە، هاوکات کاریگەری لەسەر داواکاری ئەوان دەبێت، "داوا لە مامۆستایان دەکەین بە شداری لەو جۆرە خۆپیشاندانانە نەکەن، کە دەبێتە ھۆی ماڵکاوڵکردنی خەڵک و زەرەر گەیاندن بە موڵکی گشتی".
بڵند ئیبراھیم




