حكوومه‌ت: هه‌وڵی پشێوى و تێكدانى ئارامى و سه‌قامگیرى قه‌بووڵ ناكرێ

هه‌ولێر-KDP.info- حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خۆپیشاندان به مافێكى ڕه‌واى هاووڵاتیان ده‌زانێت، به‌ڵام وه‌ك له له راگه‌یێندراوه‌كه‌یدا جه‌ختی لێ كردووه‌ته‌وه، قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و مافه و داواكاریى هاووڵاتیان بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى و زیانگه‌یاندن به مڵك و ماڵى هاووڵاتیان و نانه‌وه‌ى پشێوى و تێكدانى ئارامى و سه‌قامگیرى، به بێسوود بۆ خه‌ڵكی كوردستان و له به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌یارانى كوردستان ناو ده‌بات و ''به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت.''
ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوێك له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه:
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خۆپیشاندان به مافێكى ڕه‌واى هاووڵاتیان ده‌زانێت و هه‌میشه به‌رگرى له‌و مافه كردووه و به‌رگرى لێ ده‌كات، به‌ڵام به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و كرده‌وه ناشارستانى و توندوتیژانه‌ى ئه‌مڕۆ له چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كى كوردستان به‌تایبه‌تى له سنوورى پارێزگاى سلێمانى ڕوویان دا، كه ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانگه حكوومییه‌كان و باره‌گه حیزبییه‌كانى كرده ئامانج و وێڕاى لێكهوتنهوهى چه‌ند بریندارێك، مڵك و ماڵى هاووڵاتیانیش تیایدا زیانیان به‌ركه‌وت.
خۆپیشاندانى ئارام و شارستانى بۆ داواكردنى مافه‌كان له چوارچێوه‌ى یاسادا، كارێكى دیموكراسیانه‌ى به ته‌واوى ڕێگه‌پێدراوه، به‌ڵام قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و مافه و داواكاریى هاووڵاتیان بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى و زیانگه‌یاندن به مڵك و ماڵى هاووڵاتیان و نانه‌وه‌ى پشێوى و تێكدانى ئارامى و سه‌قامگیرى، به‌تایبه‌تیش له كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به دۆخێكى دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت و له چه‌ندین لاوه ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسیى تێكدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كیانه سیاسى و دهستوورییهكهى بۆته‌وه، هیچ سوود و خزمه‌تێك به كه‌س ناگه‌یه‌نێت، نه‌یارانى كوردستان نه‌بێت، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكرێت.
داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت ده‌بێت به شێوه‌یه‌كى شارستانى و به‌پێى یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا بكه‌ن و سه‌ر و سامان و ئاسایش و سه‌قامگیریى هاووڵاتیان بپارێزن، ڕێگه‌ش نه‌درێت خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌كان بۆ هیچ مه‌رامێك و له هیچ لایه‌نێكه‌وه بقۆزرێنه‌وه و سه‌رپێچیكاران ڕووبه‌ڕووى سزاى یاسایى بكرێنه‌وه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
18/12/2017




