کرمانج عەبدوڵڵا: شوێنە ستراتیژییەکانی مەخموور لە دەستی پێشمەرگەدان
__2017_12_18_h18m43s41__HK.jpg)
مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور دەڵێ، شوێنە ستراتیژییەکانی مەخموور لە دەستی پێشمەرگەدان، حەشدی شەعبی نیەتی خراپە و دەیەوێ هێرش بکات، بەڵام هیچیان پێ ناکرێ، چونکە لە ئەگەری هەر پێشڕەوییەک، پێشمەرگە وەڵامیان دەداتەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا، کە هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدارڵ دەیانەوێ لە نزیک مەخموور هێرش بکەنە سەر هێزی پێشمەرگە.
بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان کە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم لە ڕایگەیاندراوەکەدا باسی لێوە کردووە، ماوەی پێنج ڕۆژە ئەو هێزانەی عێراق لە ئامادەکاریدان، کە لە نزیک مەخموور هێرش بکەنە سەر هێزی پێشمەرگە و هێرش بێنن بۆ سەر ڕێگەی گوێڕ-دیبەگە-دوبس.
سەبارەت بە جموجووڵی هێزە عیراقییەکان لە میحوەری مەخموور، (کرمانج عەبدوڵڵا)، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور دەڵێت: "عێراق هێزێکی زۆری هێناوەتە نێو مەخموور، کە پێکهاتوون لە دوو لیوای سەربازی و فیرقەیەکی پۆلیسی فیدڕاڵ، کە لە بنەڕەتدا ئەو پۆلیسانە میلیشیاتی حەشدی شەعبین، گوایە پیلانیان ھەیە ھێرش بکەنە سەر ھەندێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام من، خۆم باوەڕم وایە ناتوانن ھێرش بکەن و پیلانەکەیان سەر ناگرێت، ھەرچەندە ھەر ناوچەیەکی عێراق توانای ھەبێت ھێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان."
ئێستا سەنتەری قەزای مەخموور لە دەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقدایە، ئەم هێزانە لە مانگی ئۆکتۆبەر هاتوونەتە نێو مەخموور، ئەمەیش لە بەرەنجامی ڕووداوەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر بوو، کە ئەم هێزانە بە هاوکاریی باڵێکی نێو لایەنێکی سیاسیی هەرێم هاتنە کەرکووک، دواتریش لە مەخموور هێزی پێشمەرگەی کوردستان کشایەوە بۆ ئەوەی پێکدادانی سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دروست نەبێ. ئێستا پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، خۆی لە زنجیرە چیای قەرەچۆخ قایم کردووە. (کرمانج عەبدوڵڵا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "شوێنە ستراتیژییەکانی مەخموور لە دەست ھێزی پێشمەرگەدایە و فەرمان بە پێشمەرگە کراوە، ھەرکاتێک پێشڕەوی بکرێت بۆ سەنگەرەکان، وەڵامیان بدرێتەوە، بۆ دڵنیاییی خەڵکی کوردستانیش سەنگەرەکانی پێشمەرگە زۆر بە تۆکمەیی دروست کراون و ھەرھێرشێک بکرێت، ناھێڵن بەرەو پێشەوە پێشڕەوی بکەن."
(کرمانج عەبدوڵڵا) گوتیشی: "جاری پێشوو کە ئەم هێزانەی عێراق هێرشیان کرد، نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن و کوژراویان لێ بەجێ ما و ژمارەیەکیان لێ بەدیل گیرا، بۆیە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا گورزی گەورەتر بەو هێزانە دەکەوێت."
قائید میرۆ




