مێركڵ پشتگیریى له مافه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- (ئه‌نگێلا مێركڵ) ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ مافه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراقدا نیشان دا و، تیشكى خسته سه‌ر په‌یوه‌ندى و یارمه‌تییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تیش له بوارى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا.
ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا هاوكات ستایشى هه‌ڵوێسته‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه ئاماده‌ى گفتوگۆیه بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق و ڕێزگرتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵى عێراق، به نیازپاكیى هه‌رێمى كوردستان له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها پشتیوانى بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له نێوان هه‌ردوولادا ده‌ربڕى.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی (ئه‌نگێلا مێركڵ) له میانى پێشوازیكردن بوو له (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى كه له (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و (د. فوئاد حوسێن) سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.
له‌و دیداره‌دا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18/12/2017 له به‌رلین به‌ڕێوه چوو، وێڕاى به گه‌رمى به‌خێرهێنانى شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان، ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا هیواى خواست هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق و ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه ئه‌ڵمانیا چاودێریى دۆخه‌كه ده‌كات.
لاى خۆیه‌وه (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى سوپاسكردنى ئه‌ڵمانیا بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دواپێشهاته‌كانى په‌یوه‌ندى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق خسته ڕوو، دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به ده‌ستوورى عێراقه‌وه پابه‌نده و بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ئاماده‌یه و هه‌موو هه‌وڵێكى داوه له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدا بكات، به‌ڵام به‌غدا وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته ده‌وڵه‌تانى دۆست وه‌ك ئه‌ڵمانیا یارمه‌تیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن.
شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان مانه‌وه و پاراستنى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌قامگیریى ناوچه‌كه به گرینگ له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه، كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له چاكسازییه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و چاكسازى له هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌وله‌ویه‌تى حكوومه‌ته، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواى هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیاى بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى ناوچه‌كه و دوایین پێشهاته‌كانى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.




