"لە سەیدسادق و پیرەمەگروون ڕێڕەوی خۆپێشاندان بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی گۆڕدرا"
__2017_12_18_h15m59s35__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ئاراستەی خۆپێشاندان لە پیرەمەگروون و سەیدسادق بۆ بەردەم بارەگای پارتی گۆڕدرا و هێرش کرایە سەر بارەگاکانی پارتی. بەرپرسانی پارتی لە سلێمانی دەڵێن، ئاگاداری دامەزراوە ئەمنییەکانمان کردەوە لە پاراستنی گیانی کادیران و بارەگاکانمان.
ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانی خۆپێشاندانێکی ناڕازیبوون دەستی پێ کرد، دوانیوەڕۆ ئاراستەی خۆپێشاندان گۆڕدرا بۆ بەردەم بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سەیدسادق بارەگای لێژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشی کرایە سەر و بەرد باران کرا، سەرجەمیان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر ڕێکخرابوون بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکان، لە ئەنجامدا بینای ناوچە زیانێکی زۆری ماددی بەرکەوتووە و ئاگاداری دامەزراوە ئەمنییەکانمان کردەوە لە پاراستنی گیانی کادیران و بارەگاکانمان".
هاوکات (فازڵ ڕەئووف)، بەرپرسی لقی ٢١ی دەوروبەری سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "بەداخەوە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لایەن کەسانێکەوە هێرش کرایە سەر بارەگای لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرەمەگروون، لەکاتێدا بارەگای حزبەکانی دیکە پارێزراوە و لە ئەنجامدا بەرپرسی ناوچە بە سوکی بریندار بووە".
(عەتا شێخ حەسەن)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركرادیەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ، دووشەممە 18-12-2017، بارەگای لیژنەی ناوچەی حیزبەكەیان لە شارۆچكەی پیرەمەگروونی سەر بە قەزای دووکان سووتێندراوە."
(عەتا شێخ حەسەن) گوتی: "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت و دەبێ دەزگا ئەمنییەکان بێنە سەرخەت و بەجیددی ئەمنییەتی بارەگاکانی پارتی بپارێزن."
(شێخ حەسەن) ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەرەتا هەندێک لە خۆپێشاندەران بە دروشمی جۆراوجۆر هانی خەڵکیان داوە بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی."
کارزان سەباح هەروامی




