٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەڵمانیا مەرجی بەردەوامیی یارمەتییەکانی بۆ حکوومەتی بەغدا ئاشکرا کرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەردەوامیی یارمەتییەکانی بۆ عێراق، بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور گرێ دایەوە و داوای لە بەغدا کرد، پێشوازی لە دانوستان بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (زیگما گابرێل) و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، کۆ بوونەوە. کۆبوونەوەکە لە شاری بەرلین بەڕێوە چوو و دواتر هەر دوولا ناوەڕۆکەکەیان روون کردەوە، بێئەوەی رێگە بە رۆژنامەنووسان بدرێت پرسیار بکەن.

(زیگما گابرێل) سوپای گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کرد لە رووبەڕوونەوەیان لەگەڵ چەکداران داعش و راگەیاند ئێستا قۆناغی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی "پێویستە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی ببێتەوە و داوا لە حکوومەتی بەغدا دەکەین داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ قبووڵ بکات."

پێشتر میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردبووەوە کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان ویستوویەتی بۆ لەیەک نزیککردنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و دواتر بێتە هەولێر، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن سەرۆکوەزیران (حەیدەر عەبادی)ییەوە رەت کراوەتەوە.
(زیگما گابرێل) لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا ئاماژەی بە یارمەتییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دا و گوتی، "ئێمە تا ئێستا ملیارێک یۆرۆمان لە عێراق خەرج کردووە و دەمانەوێ بەردەوام بین، بەڵام پێویستە عێراقیش کێشەکانی بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکات."

سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سوپای ئەڵمانیای کرد و ئاشکرای کرد کە دەیانەوێ سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێگەچارەیان، قسە لەگەل بەرپرسانی ئەڵمانیا بکەن.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتی، "دەمانەوێ کێشەکانمان لەگەل حکوومەتی بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکەین. ئامادەین بە پێی دەستوور قسە لەسەر فرۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان بکەین. دەمانەوێ گفتوگۆیەکی جیدی بێتە ئاراوە و دەبێ دەستوور وەک خۆی و بە تەواوی جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە "دۆست و هاوپەیمانان" کرد رۆڵی زیاتر لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا بگێڕن و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە (زیگما گابرێل) بکات.

شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) بڕیارە لەگەڵ کۆمسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا و راوێژکاری ئەو وڵاتە (ئەنگێلا مێرکل) کۆ ببێتەوە.
ئەڵمانیا یەک لە ئەندامە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ شەڕی دژ بە داعش و لە بواری چەک، راهێنان، چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان و ئاوارەکان، یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە.

کاوە جەم

 

هەواڵی پەیوەندیدار