مامۆستایەکی زانکۆ: ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن، ترسە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی کورسی

هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانکۆ بۆ تێپەڕاندنی گرفتەکانی ئێستای هەرێم هەڵبژاردن بە چارە دەزانن، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە، ئەگەر بەپێی دەنگەکان پۆستەکان دابەش بکرێن، دەتوانرێ دۆخەکە تێپەڕێندرێت.
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕۆژی 17-12 بە نووسراوی ژمارە ٥٤٤٥ داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد، رێککاری یاساییی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کە لە ماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەکات، تاوەکو بتوانرێت لەو ماوەیەدا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرێت، ئەویش بەپێی ئەو دەستەڵاتەی پێیان دراوە لە بڕگەی یەک لە ماددەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
(سەعید مەسیفی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێی وایە بۆ تێپەڕبوون لەم بارودۆخە و هەڵبژاردنێکی پاک، هاوکات دابەشکردنی دادپەروەرانەی پۆستەکان بەسەر لایەنەکاندا بەپێی رێژەی کورسییەکان، هەروەها وەلانانی بەرژەوەندییە حزبییەکان و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندیی گشتی، ئەوکات دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی بەشێک لە قەیرانەکانی هەرێم.
ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، چەندین وڵات تووشی هەستیاری و داڕمانی ئابووری و شەڕ بوونەتەوە، بەڵام چونکە بەرژەوەندیی گشتییان پاراستووە و توانیویانە ئەو قۆناغە سەختەی تێیکەوتوون، تێیپەڕێنن.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ و پەرلەمانتارانیش لەگەڵ هەڵبژاردندان، (ئاواره حوسێن) مامۆستای زانكۆی ههڵهبجه، به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، له ئێستادا ههڵبژاردن پێویستە، تاوەکو سەرلەنوێ گهل نوێنهری تازهی خۆی دیاری بكات، بۆ ئەوەی بتواندرێت گۆڕانكاری له ژیانی هاووڵاتیان و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە بكرێت.
بەپێی یاسا دەبێت شەش مانگ پێشتر کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن ئامادەکارییەکانی دەستپێبکات، وەک پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ کرد تاوەکو ئێستا نازانێت، کە ئایا کاری بۆ کراوە یا نا، بەڵام گومانیشی لەوە نییە، گەر هەموو لایەنەکان رەزامەند بن، دەتواندرێت، لەو ماوەی کە سەرۆکی حکوومەت دیاری کردووە، کارەکان تەواو بکرێن، بە پێویستیشی دەزانێت کۆمیسیۆن بانگێشتی پەرلەمان بکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی تاچەند کارەکانیان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا بانگ نەکراون.
بە هۆی ئەو گرفتانەی لەم دواییانەدا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە، هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دواکەوت، بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گرفتەکان، (ماجید خهلیل) مامۆستای زانكۆی سلێمانی، ئهنجامدانی ههڵبژاردن به زووترین كات بە پێویست دەزانێت و دەڵێ: "ئهوه ئومێدێكی گهورهمان پێدهدات، کە به ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان كێشهكانی ناوخۆ و ئهو گرفتانهشی لهگهڵ حكوومهتی ناوهند ههمانە چاره بكرێن".
سهبارهت بەوەی چهند حزبێك له ئێستادا نایانهوێت ههڵبژاردن بهڕێوه بچێت، (میران حوسێن) مامۆستای زانكۆ دهڵێت: "ئهو لایەنانەی ههڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە بە هەر پاساوێک، ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە، ترسی کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیان هەیە، چونکە پێشبینی ئەوە دەکریت لایهنی دیکە بەشداری هەلبژاردنی ئایندهی كوردستان بکات و دەنگەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و نەخشەی سیاسی لە هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا بێت"، بەڵام (سەعید مەسیفی) پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانی، پێیوایە کاتێک لیستی تۆماری دەنگدەران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن چاک بکرێن، ئەوکات هەڵبژاردن بێ کەموکوڕی دەبێت.
ئەو جەخت دەکاتەوە "جیا لە لایەنەکانیش وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ و پێشمەرگە و شوێنە پەیوەندیدارەکانیش دەبێت رۆڵی گرینگیان لە لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردنیان هەبێت، تاوەکو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت".
هێڤیار ههڵبجهیی




