٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

‌حزبە کوردستانییەکان: بەرلە بەستنی هاوپەیمانەتی، دەبێ لە نێوخۆدا یەکدەنگ بین

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی دابێی عێراقدا بەهێز بێ و مافەکانی بەدەست بێنێ، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەڵێن، کورد دەبێت یەکڕیز بێت و بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی ھاوپەیمان بگرێـت و شەڕی دەستوری لەپێشە.

مانگونیوێک بەر لە ئێستا، سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)  ڕایگەیاند "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایندەی عێراق لە ١٥ ـی  ئایاری  ٢٠١٨ بەڕێوە دەچێت"، بەم ھۆیەوە  کوردیش دەبێت ئامادەکاری بکەن بەر لەم بەروارە و ھاوپەیمانێتیی خۆی دیاری بکات و بزانێت لەگەڵ کێدا مافەکانی نافەوتێت، چونکە کورد چەندین جار بە دەست عێڕاقەوە "مارانگەزتە" بووە.

وەک کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی (خەلیل ئیبراھیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی گوت، ئەگەرچی هێشتا ڕوون نییە ئەنجام دەدرێـت یان نا، بەڵام "مادام کورد دەیەوێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ھەڵبژاردنەکان و دەبێت کورد کەسایەتیی بەھێز  و یەکدەنگ بنێرێت بۆ بەغدا، چونکە شەڕی دەستوری و شەڕی یاسایی لە بەغدایە."
(خەلیل ئیبراھیم) باوەڕی وایە کە، پێویستە کورد بەپێی بەرژەوەندییەکانی، ھاوپەیمانیی ئەمجارەی ھەڵبژێرێت و، ڕێچکە مەزھەبییەکەی عێڕاق تێپەڕێنێت و ھاوپەیمانیی نیشتیمانی ھەبێت، دوور بکەوێتەوە لە  ھاوپەیمانیی (ئایین و مەزھەب و نەتەوە) و دەشڵێ، "کورد ھەمووانی ناسیوە و چاوی کراوەتەوە، خەمێکی نیشتیمانی ھەیە، مافی کورد ئەمجارە لە دەستوور دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا کورد کارتی ڕیفراندۆمی ھەیە."

(خەسرۆ گۆران) بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە، بۆ کورد باشترین بژار ئەوەیە ھاوپەیمانیی خۆی ھەبێت، واتا ھاوپەیمانیی کوردستانی ھەبێـت و، ئەو دەڵێ، "کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا کێشەی کوردستانە، کێشەی خاک و خواستەکانی گەلی کوردە. دەبێت کورد وەک ساڵانی ٢٠٠٥  تا ٢٠١٣ یەکڕیز بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات، دواتر با بڕیار بدات کە لەگەڵ کامە لایەن خواستەکانی کورد جێبەجێ دەکات  با ھاوپەیمانی ئەو بێت، چونکە کورد باش (مالکی)و (عەبادی) دەناسێت و مێژویێکی دوورودرێژ لەگەڵیان ژیاوە و دەزانینن چ ماڵێکن."

بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، لایەنە سیاسییەکانی سوننە داوا دەکەن پێش وادەی ھەڵبژاردنەکانی دابێی پەرلەمان، سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانیان، دەشڵێن پەرلەمانتارانی سوننە دەنگ بە بودجەی ٢٠١٨ نادەن، چونکە ستەمێکی زۆر لە پێکھاتەیان کراوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران (ئارێز عەبدوڵڵا) هەمان باوەڕی بەرپرسەکانی یەکگرتوو و پارتی هەیە و جەخت دەکاتەوە، کە کورد بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەر لایەنێک بکات لە عێراق، سەرەتا دەبێت لە نێوخۆیدا ھاوپەیمان بێت و دەڵێ "بەتایبەت لەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی ئایندەی عێراق پێویستە بە یەک لیست دابەزێت و ھاوپەیمانیی خۆی هەبێت، دواتر کورد بۆ پێکھێنانی حکومەت ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین دەنگ دەھێنێ لە عێراق، پێویستە لەگەڵ ئەم لایەنە سیاسییە ھاوپەیمانی پێک بھێنێ، بەڵام کورد دەبێت مەرجی تایبەت بە خۆی ھەبێت، بۆ ھاوپەیمانی."

(ئارێز عەبدوڵڵا) لەو لێدوانەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وابوو، کە ھەر پێکهاتەی شیعەکان دەنگی زۆرینە دەھێنن و گوتیشی "سوننە لە ئێستادا لاوازن و ھەر ئەم لاوازییەیشانە ھەوڵ دەدەن ھەڵبژاردنەکان دوا بخەن. بیانوویان ئەوەیە بە ھۆی شەڕی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش)ـەوە ھاووڵاتیانی ناوچە سوننەکان تا ئێستا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام پێیان دوا ناخرێت. لەو نێوەدا پێویستە کورد ئەزموون لە ڕابردوو وەربگرێت و لەگەڵ ئەو لایەنە ھاوپەیمان بێـت کە مافەکانی لەبەرچاو بگرێت و دەستوور وەک خۆی جێبەجێ دەکات."

فایزە کۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار