٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکوەزیرانی عێراق چاولەدەستی کورد و سەدرییەکان دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕکابەرایەتییەکی بەهێز لە ژێرەوە، کەوتووەتە نێوان سەرکردە شیعەکانی عێراق و هەرکامەیان هەوڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی کورسیی سەرۆکوەزیران دەدەن. چەند سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق هەیە، بەڵام لە هەموویاندا سەرۆکوەزیران چاولەدەستی کورد و سەدرییەکان دەبێ.

 

(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، (هادی عامری)، بەرپرسی ڕێکخراوی بەدر و سەرکردە لە حەشدی شەعبی و (نوری مالیکی)، جێگری سەرۆککۆمار، سێ کەسی دیاری شیعەکانن کە باس لە هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکرێت.

(نووری مالیکی) زۆر بەخێرایی خۆی یەکلا کردەوە و ڕایگەیاند نیازی نییە جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە. بەم پێیە ئێستا تەنیا (عەبادی) و (عامری) لە گۆڕەپانەکەدا ماون.

 

(عەبادی) و دوو کارتەکەی بەردەستی

زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایی بە تەواوی پشتگیری لە (عەبادی) دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران بەدەستەوە بگرێتەوە. (عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونە. ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەو پشتگیرییەی ئەمەریکا لە (عەبادی) بۆ کەمترکردنەوەی هێژمۆنیی ئێرانە لە عێراقدا." بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوە بچێت، (حەیدەر عەبادی) بە لیستێکی جیا لە دەوڵەتی قانوون (سەر بە حزبی دەعوە) بەشدار دەبێت. (نووری مالیکی)یش لیستی جیاوازی دەبێت. بە پێی زانیارییەکانی (زانا ڕۆستایی)، (عەبادی) و (مالیکی) سەرەڕای ئەوەی بە دوو لیستی جیاواز بەشدار دەبن، "هاوئاهەنگییان" دەبێت و دواتر هاوپەیمانێتییەک دەبەستن.

(عەبادی) لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و سعودیاوە پشتگیری لێ دەکرێت بەرانبەر بە کەمکردنەوەی هێژمۆنیی ئێران، بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە هاوئاهەنگ و هاوپەیمان دەبێت لەگەڵ (نوری مالیکی)، کە نزیکە لە دەستەڵاتدارییەتی ئێران.

(عەبادی) سەرەڕای ئەوەی پێگەی جەماوەریی لاوازە، بەڵام بە دوو کارتی "دژایەتیی کورد" و "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" دەیەوێ پێگەکەی بەهێز بکات.

 

زاوای ئێرانییەکان قۆڵی لێ هەڵماڵیوە

لە بەرانبەر بەرەی (عەبادی)، بە پشتگیری ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی و سعوودیا، بەرەیەکی دیکە هەیە، کە ئێران بە تەواوی پشتگیریی لێ دەکات و ڕەنگە لە ژێر دەسەڵاتی (هادی عامری)دا کۆیان بکاتەوە.

(زانا ڕۆستایی)، (عامری) بە ڕکابەری ڕاستەقینەی (عەبادی) دەزانێ. (عامری)، کە زاوای ئێرانییەکانە و خۆیشی ناسنامەی ئەو وڵاتەی هەیە، قورساییی خۆی خستووەتە سەر لایەنە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی.

ئەو هێزە چەکدارە، کە ئێستا گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق (عەلی سیستانی) داوای تێکەڵبوون بە سیستەمی بەرگریی وڵاتی بۆ کردوون، لە ٤٢ لایەن پێک دێن و ژمارەیان ١٢٠ هەزار کەسە. لەو ژمارەیە نزیکەی نیوەیان لە شەڕدا بوونە و ١٠ هەزار چەکدارایان سەر بە ڕێکراوی بەدرن، کە (هادی عامری) سەرکردایەتیی دەکات.

(عامری) کە پێشتر لەگەڵ حزبی دەعوە بووە، ئێستا هاوپەیمانیی (موجاهیدان)ی ڕاگەیاندووە، کە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پێک دێن.

(حەیدەر عەبادی) هەستی بە مەترسیی (عامری) کردووە، هەربۆیە کارتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەدەستەوە گرتووە و دەیەوێ دژ بە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەکاری بێنێ، بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەرییان لەدەست بدەن.

 

کورد و سەدرییەکان

(عەبادی) تا ڕاددەیەکیش پشتی بە (موقتەدا سەدر) گەرمە. (سەدر)، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، کە خاوەنی کوتلەی ئەحرارە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماوەی چوار ساڵ کوتلەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمان و حکوومەت هەڵوەشاندووەتەوە. بە بڕاوی (زانا ڕۆستایی) جەماوەری (سەدر) دەنگ بە (عەبادی) دەدەن و ڕەنگە ئەمە تای تەرازووی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێکهێنانی فراکسیۆنەکان بە لای ئەودا بشکێنێتەوە.

جیا لە دەنگەکانی ناوماڵی شیعە، پێکهاتەی سوننە و کوردیش دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەبێت کە دواجار کێ لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دادەنیشێت.

کورد بە حوکمی زیاتربوونی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق، دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەرتر لە سەدرییەکان ببینێ و بڕیار بدات تای تەرازوو بە لای کێدا بشکێنێتەوە.

بە پێی دابەشبوونەکەی ناوماڵی شیعە، پێ دەچێت ئەگەر (عەبادی) و (عامری) بکەونە کێبڕکێوە، ژمارەی دەنگەکانیان جیاوازیی زۆری نەبێت، بۆیە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بۆ زیاترکردنی ژمارەی دەنگ و کورسییەکان، چاولەدەستی کورد و سەدرییەکان دەبێت.

 

کاوە جەم

هەواڵی پەیوەندیدار