هیچ لایەنێک وەڵامی داواکەی سەرۆکایەتیی کۆماریان نەداوەتەوە
__2017_12_17_h15m31s2__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوای لە حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا کرد دەست بە دانوستان بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی عێراقی بەدەم ئەو داوایەوە نەهاتوونە، جیا لە کورد نەبێت، کە ئامادەیە.
دوای ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق، (فواد مەعسوم) لەگەڵ لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان کۆ بووەوە، لەگەڵ دوو جێگرەکەی خۆیدا بڕیاریان دا نێوبژیوانیی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بکەن.
سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەیاننامەیەکی سێ خاڵیدا کە ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە بڵاوی کردووەتەوە، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی و چاودێریی سەرۆکایەتیی کۆمار و پشتیوانیی لۆجستیکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
ئەمرۆ (یەکشەممە) شەش ڕۆژ بەسەر ئەو داوایەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی عێراقی بەدەم ئەو داوایەوە نەهاتوون.
خاڵی سێیەمی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار تایبەتە بە کەرکووک و تێیدا هاتووە: "داواکردن لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بۆ کۆبونەوەی بەپەلە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگاکە بەو جۆرەی مافەکانی هەمو هاووڵاتییان و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی زامن دەکات."
(محەمەد کەمال)، سەرۆکی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای دەکات سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەسەر خەتە، بەڵام هیچ جووڵەیەک لە لایەن حکوومەتی بەغداوە بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر نابیندرێت.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "تا ئێستا حکوومەتی بەغدا و هیچ لایەنێکی شیعی بەدەم داواکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە نەهاتوون و ئەستەمیشە ئەو کارە بکەن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیکە و (حەیدەر عەبادی) کارتی دژایەتیی کورد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دێنێت."
حکوومەتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و بەریتانیا جەختیان لە دانوستانی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەییی عێراق کردووەتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە کردووە و ئامادەییی خۆیشی بۆ دانوستان دەربڕیوە، بەڵام بەغدا هیچ وەڵامێکی نەبووە.
کاوە جەم




