دەستوور ڕێگەی بە سەرۆککۆمار داوە ڕۆڵی جێبەجێکار بگێڕێت

هەولێر-KDP.info- بە پێی دەستووری هەمیشەییی عێراق، سەرۆککۆمار دەتوانێ ڕۆڵێ جێبەجیکار بگێڕێت. ئەم ڕۆڵە دەستوورییە، بەشێک لە شارەزایانی یاسایی و سیاسیی گەیاندووەتە قەناعەت کە پێیان وابێت سەرۆکایەتیی کۆمار دەتوانێت ناوبژیوانیی "باش" لە نێوان هەولێر و بەغدادا بکات.
دوای ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق (فواد مەعسوم) لەگەڵ لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان کۆ بووەوە، لەگەڵ دوو جێگرەکەی خۆیدا بڕیاریان دا ناوبژیوانیی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بکەن.
سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەیاننامەیەکی سێ خاڵیدا، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی و چاودێری سەرۆکایەتیی کۆمار و پشتیوانیی لۆجستیکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوود و لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی تێکچوو. (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بڕیاری خۆی، کۆمەڵێک سزای خستە سەر کوردستان.
رۆڵی دەستووریی سەرۆککۆمار
ئێستا لایەنی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان هان دەدەن. ئەو هاندانە لە لایەن بەغداوە پێشوازی لێ نەکراوە، بەڵام هەولێر ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە.
(زانا ڕۆستایی) ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا، پێی وایە سەرۆکایەتیی کۆمار دەتوانێت ڕۆڵی "باش" لە نێوان هەولێر و بەغدادا بگێڕێت.
(ڕۆستایی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پێکهاتەکانی ناو سەرۆکایەتیی کۆمار (سەرۆک و جێگرەکانی)، کەسایەتی دیارن و کوتلەکان حیساب بۆ ڕا و بۆچوونیان دەکەن، بۆیە دەتوانن ڕۆڵی کاریگەری سیاسی بگێڕن و لایەنەکان بۆ ئاشتەوایی هان بدەن.''
ئەو پەرلەمانتارە پشتبەستوو بە دەستووری عێراق، جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی جێبەجێکار تەنیا تایبەت نییە بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵکو لە نێوان سەرۆکایەتییەکانی وەزیران و کۆماریدا هاوبەشە.
"توانەوەی" هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیران
سەرەڕای هاندانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام (حەیدەر عەبادی) ڕۆژ بە ڕۆژ مەرجەکانی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ حکوومەتی کوردستان زیاتر دەکات.
زیادبوونی مەرجەکانی (عەبادی)، بەشێک لە سیاسییە کوردەکانی بەو قەناعەتە گەیاندووە، کە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی ئێستادا "ئەستەمە".
(عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا وەک "بانگەشەی هەڵبژاردن" سەیر دەکات.
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی بەغدا گوشاری زۆری نێودەوڵەتی لەسەرە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەولێر دانوستان لەسەر بنەمای دەستوور بکات. (عەبادی) ئەو کەسە نییە بتوانێ بەرانبەر هەرێمی کوردستان ڕابوەستێ و دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو قسانەی دەتوێنەوە.
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری دابێ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت. لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا داوای کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردە و نوێنەرانی کوتلە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی کراوە بۆ تاوتوێکردن و دەرکردنی یاساکانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە وادەی دەستووریی خۆیاندا.
(عەرەفات کەرەم) باس لە دوو ئەگەر و سیناریۆ بۆ هەڕەشە و مەرجەکانی (حەیدەر عەبادی) دەکات.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچن، هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئەوکات بەردەوام بێت. ئەگەریش هەڵبژاردنەکان بۆ کۆتاییی ساڵی ٢٠١٨ دوا بخرێن، ئەوە (عەبادی) ناچارە بە زووترین کات دەست بە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات."
"مەرجی سەرەکی"ی سەرۆکوەزیرانی بەغدا، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، کە تێیدا باسی لە "نادەستووری"بوونی ڕیفراندۆمی سەرخۆییی کوردستان کردبوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە "رێز" لە بڕیاری دادگاکە دەگرن، بەڵام بەغدا دەیەوێت ئەو "رێز"ە بۆ "پابەندبوون" بگۆڕدرێت.
کاوە جەم




