٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشتر داعش و ئێستایش حەشد ژیانیان لە شنگالیان تاڵ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- دوای ئەوەی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا حەشدی شەعبی دەستی بەسەر کەرکووکدا گرت و باڵێکی لایەنێکی کوردستانی ڕێی بۆیان واڵا کرد هەر لەسەر ئەو مەبەستە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر شنگالیشدا گرت، کە زۆربەی ئێزدییان لەوێن.

پێش ئەمەش لە (٣-٨-٢٠١٤) ئێزدییان بە دڕەندترین شێوە لە لایەن داعشەوە قڕ کران، ٣٦٠ هەزار ئاوارە کران هەزار کەسیش کوژران، 90 هەزاریش کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد و نزیکەی ٧ هەزاریش ڕفێنران، ئەمە دوایین ئاماری قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەیە، کە بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ناردووە.

ئێزدییان زۆر جار گلەییان لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی ئەوانی نەکردووە، نە لە ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکانیان، نە لە بەجینۆسایدناساندنی کارەسەتەکەیان.

پێش ئەوەی حەشدی شەعبی دەست بەسەر شنگالدا بگرێت، پەکەکە خۆی لە شنگالدا زەوت کرد و بووەتە ڕێگر بەرانبەر ئاوەدانکردنەوەی شنگال و چەندین جاریش حکوومەتی هەرێم داوای ئەوەی کرد، پەکەکە شنگال بەجێ بهێلیت و شنگال لە دەست شنگالیەکاندا بێت، بەڵام پەکەکە قبووڵی نەکرد و پێشێلکاریی لە شنگالدا کرد و بووەتە ڕێگر بەرامبەر هێنانەوەی ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی کە لە سووریان و تا ئێستاش پێشێلکاری لە ناوچەکە دەکات.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شنگال دەڵێت، ئێمە سێ جار بووینە قوربانی، جارێک لە دەستی داعش و جارێکیش لە دەست پەکەکە و جارێکیش لەدەست حەشدی شەعبی. لەوکاتەی ئەوان هاتوون خێرمان بە چاوی خۆمان نەدیوە و تەنیا ئێمە زەرەرمەندی یەکەمین.

(ئازاد زیاد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەر کەسێک هاتووەتە شنگال بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی هاتوون و هەمووان ئامانجیان ئەوەبووە شنگال بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەکار بێنن.''

ئەو دەشڵێت: ''ئێمە بە کورت و کورمانجی، ناتوانین لەگەڵ عەرەبەکان بژین و بە هیچ شێوەیەکیش چاومان بەو کەسانە هەڵنایەت کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبووە، ئەویش عەرەبەکانی دەروبەرمان بوون، شنگال پێویستە سەر بە کوردستان بێت.''

 

هێزە سەربازییەکانی نێو شنگال ژیانی خەلکیان کردووە دۆزەخ

 

دوای ئەوەی شنگال بە سەرپەرشتیی ڕاستەخۆی (سەرۆک بارزانی)، ڕزگار کرا و پێشنیاری (سەرۆک بارزانی) ئەوە بوو کە شاری شنگال بە ڕەخ شاری ئێستای وێرانکراوی بەدەست داعش ئاوەدان بکریت، بۆ ئەوەی دنیا بزانێت ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە دوژمن ئامانجی ئەوە بووە بە هەموو شێوەیەک گەلی کورد لەناو بببات.

(سەرۆک بارزانی)، لە ساڵوەگەری کارەساتی شنگالیشدا ئاماژەی بەوە دابوو، "کچی ئێزدی با بە سەربەرزییەوە بڵێت، من کچم، کچی کوردانم، شەرەف و نامووسی کوردستانم و، گوتی، هەرکاتێک ئێزدخان لەناوچوو ئەوکاتە با بزانن کوردستان لەناو چووە."

پاش خیانەتی باڵێکی نێو لایەنێکی کوردستانی لە کەرکووک و بەدەستەوەدانی، کەرکووک و چەندین ناوچەی تر کەوتنە دەست حەشدی شەعبی و شنگالیش یەکێک بوو لەو ناوچانە و ئێستا حەشدی شەعبی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لەو ناوچەیە و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان دەکات.

پەیوەست بەمەش قایمقامی شنگال گوتی: ''نەک حەشدی شەعبی بەتەنیا لە شنگال، بەڵکو لە هەموو ناوچە کوردستانیەکان پێشێلکاری دەکات، بەڵام لە شنگال هەموو ڕێگایەک بەسەر خەڵکی شنگالدا داخراوە و ئابلۆقەی ئابوورییان خستووەتە سەر شنگالییەکان، ئەمەش تا بەرزترین ڕێژە بێڕێزییە بە ئیرادەی ئێزدییان.''

قایمقامی شنگال گوتیشی: ''ئەوان چاویان لە قوربانی و برینەکانی ئێزدییان نییە و تەنیا چاویان لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیانە و دەیانەوێت هیلالی شیعی لە ناوچەکە تەواو بکەن.''

(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێزدییان خۆشییان بەخۆوە نەدیوە لەدەستی ئەم هێزانە و نایەوێت ئێزدییان بە ئارامی بژین و ئیزدییان هیچ ئۆمێدیكیان بەم هێزە میلیشاییانە نییە.''

دوێنێ ئیزدییان لە نێو شنگالێشدا لەسەر ئەم پێشێلکاریانەی کە حەشدی شەعبی دەیکەن خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و هەر ئەو ڕۆژەش شەڕ کەوتە نێو باڵەکانی حەشدی شەعبی و کەسێکی ئێزدی کوژرا.

 

کـــاروان بـــــاعــــەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار