٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژكارێكی سەرۆككۆمار: وڵاتان جەخت لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەكەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق دەڵێ، ھەوڵەكانی سەرۆككۆماری عێراق بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوامن و، بڕیارە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكاندا ئەنجام بدات.

لە ماوەی رابردوودا، سەرۆككۆماری عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و دەستپێشخەرییەكی راگەیاند، بۆ ئەوەی كورد بە یەكگرتوویی لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ بكەن و، لەگەڵ ھەموو لایەنەكانی ھەرێمیشدا كۆ بووەوە و دواتریش گەڕایەوە بەغدا، هەروەها تا ئێستایش چەندین دیداری بە مەبەستی بەئەنجامگەییشتنی ھەوڵەكانی  لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و بیانیەكان ئەنجام داوە و لە ھەوڵەكانی بەردەوامە، بەڵام حكوومەتی عێراق تا ئێستا ئامادەی گفتوگۆ نییە.

لەو بارەیەوە، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق (فەرھاد عەلائەددین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەرۆككۆماری عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەكانی بۆ ئەوەی دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێ بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش لە كۆبوونە و دیدارەكان لەگەڵ لایەنەكان بەردەوامە و ئەوەی دیداری لەگەڵ ئەنجام داوە، پشتگیری لەوە دەكات گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە و ھیواداریشین بە زووترین كات دانوستان لە نێوان ھەردوو لادا بكرێت".

(عەلائەددین) گوتیشی، "كۆبوونەوەكانی سەرۆككۆمار لەگەڵ ھەموو لایەنەكان بەردەوامی دەبێت و، لە ئەجێندای دیدارەكانیدا ھەیە كە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقیش كۆ ببێتەوە، لەبەر ئەوەی پێویستە دانوستان بكرێت و ئەمە پەیوەندی بە پرسی گەلێكەوە ھەیە، كە جگە لە مێزی گفتوگۆ، ھیچ رێگەچارەی دیكە نییە.

لەبارەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە عێراقیش گوتی، بڕیارە لەگەڵ ھەموو نوێنەری وڵاتانیشدا كۆبوونەوە ئەنجام بدات، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بەو پرسەوە ھەی، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا كۆ ببێتەوە و پێشتر لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی بەریتانیا و ئەمەریكا و ژاپۆن كۆ بووەتەوە و بڕیارە لەگەڵ ئەوانەی دیكەیشدا كۆ ببێتەوە.

سەبارەت بە ھەڵوێستی ئەو وڵاتانە، راوێژكارەكەی سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەی دا، "ھەموو وڵاتان گفتوگۆ بە پێویست دەزانن بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆیە جەخت لەوە دەكەنەوە كە ھەردوولا رازی بكەن گفتوگۆ دەست پێ بكات و، منیش گەشبینم بەم زووانە گفتوگۆ دەست پێ بكات".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار