عەدنان کەرکووکی: تا دۆخەكە نەگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر ناگەڕێینەوە کەرکووک
__2017_12_12_h18m12s52__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی لە خورووقاتەكانی خۆی بەردەوامە، دەستیان بە هەڵمەتی ئۆتۆمبێل دزین و وەرگرتنی باج كردووە، بۆ دەركردنی فەرمانبەرانی كورد لە دامودەزگاكانی كەركووك بەردەوامن، ئەو سیاسەتەی ئەوان ئێستا پەیڕەوی دەكەن زۆر لە سیاسەتی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕ ترسناكتر و خەتەرترە. تا دۆخەكە نەگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، ئێمە وەكو پارتی ناگەڕێینەوە.
(عەدنان كەركووكی)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیاری كرد: ''حەشدی شەعبی لە خورووقاتەكانی خۆی بەردەوامە لە هیچ شتێك سڵ ناكەن، لە ناو كەركووك و خورماتوو و داقووق دابەش بوونە، بە بەردەوامی چنگیان بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە، دەستیان بە هەڵمەتی ئۆتۆمبێلدزین و وەرگرتنی باج كردووە لە هاووڵاتیان، بۆ دەركردنی فەرمانبەرانی كورد لە دامودەزگاكانی كەركووك بەردەوامن، پارێزگای تكریت هاتبوو بۆ ئەوەی قایمقامێكی تازە دابنێن بۆ خۆرماتوو، توركمانێكی شیعە دابنێن، بەڵام دیاربوو لە 21 ئەندامی ئەنجومەنی قەزا تەنیا 9 كەس ئامادە بوون، جگە لەوەی ئەو عەرەبانەی هاوردە هاتوونەتەوە بۆ كەركووك دەچنە سەر جووتیارانی كورد و داوای بەشی خۆیان دەكەن، كە هیچ بەشیان ناكەوێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە قەرەباڵغێكیی زۆری لەسەرە بە هۆی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەری كردووە، كە نووسراوێكی كردووە بۆ هەموو پارێزگاكان، كە هەر هاووڵاتییەك بۆی هەیە سجیلی خۆی بگوازێتەوە بۆ كەركووك، بەڵام ئەوەی كە پلانی بۆ داڕێژراوە و خەریكی جێبەجێ كردنن، ئەویش ئەوەیە فشارێكی زۆر دەخەنە سەر خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، كە ئێستا ئەو بەرنامەیان دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی كورد ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵێ، بۆ ئەوەی تەنیا عەرەبی لێ بمێنێت، بەڵام دەبێت هاووڵاتییانی كورد لە شوێنەكانی خۆیان بمێنن و ناوچەكە چۆڵ نەكەن، چۆنكە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر یەك كورد لە ناوچەكە ناهێڵن و بە زۆر دەردەكەن، ئەو سیاسەتەی ئەوان ئێستا پەیڕەوی دەكەن زۆر لە سیاسەتی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕ ترسناكتر و خەتەرترە.''
ڕوونیشی كردەوە: ''بابەتەكە ئەوە نییە ئەگەر پارتی لە كەركووك بێت و لە كەركووك نەبێت بە ئەركی خۆی هەڵناستێ، بەڵكو بە ئەركی خۆمان هەستاوین، بەڵام ئێمە نامانەوێت وەكو بارەگایەكی حزبی بچینەوە كەركووك و بۆ ئەوەی شەرعیەت بەو دەسەڵاتە سەربازییە بدەین كە ئەمڕۆكە لە كەركووكە، بۆیە تەنیا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێك، لە چوارچێوەی ئەو داخوازیانە بێت كە ئەو ناوچانە بە شێوەیەكی هاوبەش بەڕێوە بچێت، ئەو بڕیارانەی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دراوە، ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنەوە و دۆخەكە بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەی خەڵك دڵنیا بێت و لایەنە سیاسییەكانیش دڵنیا بن، بەڵام ئەوان ئێستا بە هیچ شێوەیەك ناهێنە پێشەوە".
ڕابین شێروانی




