٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەسەن جیھاد: عەبادی هەڵەی کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناونەھێنانی پێشمەرگە لە لایەن (حەیدەر عەبادی)ەوە غەدرێکی گەورەیە و ددانیشی بە ھەڵەکەیدا ناوە. دەشڵێت، (عەبادی) دەبێ بۆ خۆی باش بزانێت ئەگەر بیەوێ لە داھاتوودا دەرفەتی مانەوەی پێ بدرێت، پێویستی بە کوردە.

ماوەی سێ ساڵە ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھەماھەنگیی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەرەنگاری توندڕەوترین گرووپی تیرۆریستی بووەتەوە و لەو پێناوەشدا سەدان شەھید و ھەزاران برینداری بەخشیە خاکی کوردستان و عێراق، (حەسەن جیھاد)، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و  بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناو نەھێنانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ھەڵەیەکی گەورە بوو، کردی".

ناوبراو بە پێویستیشی دەزانێت (حەیدەر عەبادی) بەفەرمی ڕوونکردنەوە لەبارەی ناونەھێنانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شکاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش بدات، چونکە غەدری لە پێشمەرگە کردووە.

دوای تەواوبوونی گۆتارەکەی لە مەڕاسیمی سەرکەوتنی عێراق بەسەر داعشدا و ناونەھێنانی ھێزی پێشمەرگە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، دووبارە سوپاسی ھێزە عێراقییەکان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، کە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بەشدار بوون، وەک (حەسەن) ئاماژەی بۆ کرد، بە ھۆی کاردانەوەکان، ناوی پێشمەرگەی لە تویتەکەیدا زیاد کرد، ئەوەش مانای ئەوەیە (عەبادی) ددانی بە ھەڵەکەیدا ناوە.

سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و  بەرگریی پەرلەمانی عێراق  ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر (عەبادی) ھیچ متمانەیەکی لە نێوان خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەھێشتووە، دەشڵێت: "ئەگەر بیەوێت وەک کەسێکی دەوڵەتمەدار دەرکەوێت، پێویستە بە یەک چاو سەیری ھەموو عێراق بکات، دەبێ ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ھێزەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا نەکات، دەبێ بۆ خۆی باش بزانێت ئەگەر بیەوێ لە داھاتوودا دەرفەتی مانەوەی پێ بدرێت، پێویستی بە کورد و ھەموو لایەنەکان دەبێ، ناکرێت بەو عەقڵیەتەی ئێستا مامەڵە  لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و پشتگوێی بخات".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار